کوردستان

سودانی بڕیارێک لە بەرژەوەندی هەرێم دەدات

نهانیوز-هەواڵەکان

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاریدا بە قەدەغەكردنی هاوردەی ئاسن لە دەرەوەی وڵات و كردنەوەی دەروازەكانی بەڕووی هەرێم بۆ ناردنی بەرهەمی ئاسنی هەرێم بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور.

ئەمیندارێتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەنجوومەن بە سەرۆكایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران كۆبۆتەوە و چەند بڕیارێكی دەركردووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە کۆنتڕۆڵەکانی هاوردەکردنی ئاسن، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هەموارکردنەوەی بڕیارەکەی ژمارە (276ی ساڵی 2025)، سەبارەت بە ڕاگرتنی هاتنە ژوورەوەی ئاسن بە هەموو قەبارەکانی (8-32 ملم)، لە دەروازە سنوورییەکانی (ئەبوفلۆس، شەلامچە، مەندەلی، زورباتیە).

ڕاشیگەیاندووە، بڕیار دراوە بە دیاریکردنی خاڵەکانی پشکنینی (چیمەن، دارەمان، ئەلسەد) بۆ ڕەوانەكردنی جۆرەکانی ئاسنی بەرھەمھێنراو لە کارگەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور و میکانیزمەکانی چوونە ژوورەوە بەستراوەتەوە بە ڕێگەی پەیوەندی تۆڕی دەسەڵاتی دەروازە سنوورییەکان.

جەختیشی كردۆتەوە، تیمێک لە لایەنە پەیوەندیدارەکان پێكدەهێنرێت بۆ وردبینیکردن لە کۆگاکانی ئاسنی ھاوردەکراو، بۆ دڵنیابوون لە پێدانی ڕسوماتی پاراستنی بەرھەمی ناوخۆیی، لەگەڵ بەڵێننامەی كارگەكانی ئاسن لە عێراق بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکان، بەپێی تایبەتمەندییەكان و هەروەها دەروازەی زیادە دەکرێتەوە لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نرخ.

2025-06-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.