کوردستان

سەرۆکی دادگای فیدراڵی کەیسی مووچە یەکلا دەکاتەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

 نزیکەی 2 مانگە مووچە لە هەرێم دابەش نەکراوە و فەرمانبەرانی هەرێم، چاوەڕوانی فەرمانی سالاری دادگای باڵای فیدراڵی دەکەن بۆ ناردنی مووچە، شارەزایەکی یاساییش دەڵێت " ئەگەر سەرۆکی دادگا بڕیار بدات و  ئیمزاى سەرجەم دادوەرەکانى لەسەر بێت، ئەوا دەتوانێت بڕیاری سالارى  بۆ بەردەوامی ناردنی مووچە دەربکات".

عه‌لی ته‌میمی شاره‌زای یاسایی له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ میدیای یەکێتیی رایگەیاند، ئێستا دۆسیەی مووچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە تەواوی لە دەستی سەرۆکی دادگا دایە، بەو پێیەی هەموو ئەو دادوەرانەی کشاونەتەوە و بۆچوونی پێشوویان لەسەر ئەو بابەتە خستووەتەڕوو.

ئەو شارەزایە دەشڵێت "سەرجەم دادوەرەکانی دادگای فیدراڵی بۆچوونی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆکی دادوەری کرد، بۆ ئەوەی دادگا فەرمانى سالارى دەربکات، بۆیە پێویست ناکات دادگا جارێکی دیکە کۆببێتەوە، بەو پێیەی سەرجەم دادوەرەکان بۆچوونی نووسراویان ئاڕاستەی سەرۆکی دادوەری کرد بۆ ئەوەی دادگا بڕیارەکە دەربکات".

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئێستا دۆسیەکە بە تەواوی لە دەستی سەرۆکی دادگایە، بەو پێیەی هەموو ئەو دادوەرانەی کشاونەتەوە بۆچوونی پێشوویان لەسەر ئەو بابەتە خستووەتەڕوو.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی مانگی شەش نزیکدەبینەوە و تائێستا، چارەنووسی مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بە نادیاری ماوەتەوە.

لە 1ی حوزەیرانی 2025  فەرمانبەرانی هەرێم سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق تۆمارکرد، لەسەر نەدانی مووچەکانیان، داواشیان کرد، مووچە لەکاتی خۆیدا بەردەوام بێت و دادگا بڕیاری کۆتایی دەربکات و وەزارەتی دارایی عیراق پابەند بکات بە جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگا، کە هەردوو سەرۆک وەزیرانی عیراق و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەکات بە خەرجکردن و یەکلاکردنەوەی مووچەی سەرجەم فەرمانبەران بەشێوەیەکی بەردەوام.

 
2025-06-22
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.