بەشێکی نوێی تایبەت بە پشکنینی شێرپەنجە لە سلێمانی کرایەوە
نها نیوز – هەواڵەکان
بە پاڵپشتی جێگری سەرۆكی حكومەت، لە سەنتەری ژیانەوە بەشی تیشكی ناوەكی كرایەوە، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش دەڵێت، "بەكارهێنانی ئەم تیشكە زیانی نییە و ئەنجامی باش و خێرای دەبێت".
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی حوزەیرانی 2025 لە سەنتەری ژیانەوە بەشی تیشكی ناوەكی كرایەوە، كە بەپاڵپشتی راستەوخۆی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و سندوقی تووشبووانی شێرپەنجە بەڕێوەدەچێت و بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانیش دەڵێت: "بەكارهێنانی ئەم تیشكە زیانی نییە و ئەنجامی باش و خێرای دەبێت".
دكتۆر سەباح نەسرەددین بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بەكارهێنانی ئەم تیشكە هیچ زیانێكی بۆ نەخۆش نییە، چونكە راستەوخۆ لە خانە شێرپەنجەییەكان دەدرێت و ئەنجامێكی باش و خێرای دەبێت، هیوادارین كەس پێویستی بەم چارەسەرە نەبێت، بەڵام هەر نەخۆشێك لەسەر ئاستی عیراق و هەرێمی كوردستان پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر بوو، ئەوا سەنتەری ژیانەوە دەرگای واڵایە و باشترین چارەسەر پێشكەش دەكات.
راشیگەیاند، بەشی تیشكی ناوەكی، بەپاڵپشتی راستەوخۆی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و سندوقی تووشبووانی شێرپەنجە بەڕێوەدەچێت، بۆیە جێی خۆیەتی سوپاسی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی و خودی قوباد تاڵەبانی بكەین كە رۆڵێكی گرنگیان لە كڕینی ئەم ئامێرە بۆ سلێمانی هەبوو.
هاوكات دكتۆر رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، ەم داهاتە كەم و قەیراناوییەدا، لەسەر بودجەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی نزیكەی 600 ملیۆن دینار وەك بەشی دووەمی تێچووی ئامێرەكە دابینكراوە، هەرچەندە رەزامەندی پێشوەختەی سندوقی كۆمەكی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە هەبووە بەڵام سندووقەكە هیچ بڕە پارەیەكی تێدا نەبووە.
|