نها نیوز – هەواڵەکان
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، کۆدەبێتەوە، چاوەڕواندەکرێت فەرمانێکى سالاری تایبەت بە مووچەی هەرێمی کوردستان،دەربکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی حوزەیرانی 2025، بە گویرەی خشتەی دانیشتنەکان دادگای فیدراڵی لەسەر دوو سکاڵای سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، چاوەڕوانیشدەکرێت فەرمانێکى سالاری تایبەت بە مووچەی هەرێمی کوردستان، دەربکات
بەگوێرەى کارنامەی دانیشتنەکەی دادگای فیدراڵی، لەو دوو سکاڵایەی لەلایەن سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانەوە تۆمارکراوە، داوای پاشگەزبوونەوەی دادگای فیدراڵی کراوە لە بڕیارێکی پێشووتری خۆی.
ئەو بڕیارەی داوادەکرێت دادگای فیدراڵی لێی پاشگەزببێتەوە، تایبەتە بە هەڵوەشاندنەوەی یاسای رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و کوەیت سەبارەت بە رێکخستنی جموجۆڵی دەریاوانی لەنێوان هەردوو وڵاتەکە.
پێشتریش سەرچاوەیەک بە میدیای یەکێتیی راگەیاندبوو، دادگاى فیدراڵى لە کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممەیدا چاوەڕواندەکرێت فەرمانێکی سالاری لەبارەی مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەربکات، لەکاتێکدا لە پاش جەژنی قوربانەوە دادگاکە کۆنەبووەتەوە بەهۆی ئەنجامدانی فەریزەی حەج لەلایەن ژمارەیەک دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی.
هەروەها سەرچاوەیەک لە دادگای باڵای فیدراڵی رایگەیاندووە، ئەمرۆ تا کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم یەکلایی دەکرێتەوە.
پاش نووسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق لە 28ـی ئایاری 2025، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە رایگەیاندبوو، هەرێمی کوردستان پشکی تەرخانکراوی دارایی نەماوە و مووچەی مانگی ئایار رەوانە ناکەن، ژمارەیەک فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە دادگای فیدراڵی سکاڵایەکەیان تۆمارکرد و داوایانکرد، فەرمانێکی سالاری لەبارەی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی دەربکات.