کوردستان

وادەی کۆبونەوەی دادگای فیدراڵی لەسەر مووچە ئاشکرا دەکرێت

نهانیوز-هەواڵەکان

پەرلەمانتارێک وادەی دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشکرا دەکات و دەڵێت" دانیشتنکە دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو". 

بەدرییە حسێن ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراکسیۆنی یەکێتی بە میدیای حزبەکەی راگەیاند" بەپێی ئەو زانیارییانەی لەدادگای فیدراڵییەوە وەرمگرتوون، کۆبوونەوەی دادگاکە لەبارەی دەرکردنی بڕیاری وەلائی بۆ چارەسەری کێشی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەوێتە ناوەڕاستی هەفتەی ئایندە".

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی " بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەناوچەکە هەیە بەتایبەت ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئاسمانی عیراق داخراوە و چەند دادوەرێک کە بۆ فەریزەی حەج سەردانی سعودییەیان کردبوو، لەئێستادا رێگەیان لێگیراوە و نەگەڕاونەتەوە عیراق، ئەمەش وایکردووە کۆبوونەوەی دادگاکە بۆ هەفتەی ئایندە دوابخرێت".

راشیگەیاند" کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی کە لە نۆ ئەندام پێکدێن، پێویستی با ئامادەبوونی نیوە+1 هەیە، هاوکات بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئەندامانی دادگاکە ناتوانرێت کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت".

لە ٢٨ی  ئایار بەغداد بە پاساوی تەواوبوونی پشکی هەرێمی کوردستان خەرجکردنی مووچەی راگرت و ئەوەش پەیوەندییەکانی بە تەواوەتی ئاڵۆز کرد، دواتر ژمارەیەک فەرمانبەر لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکرد و داوای فەرمانسالاری دادگاکەیان کرد بۆ خەرجکردنی مووچە و جەختکردنەوە لە بڕیارەکانی ٢١ی شوباتی ٢٠٢٤ کە تێیدا لەسەر سکاڵای چەند پارێزەر و هاونیشتمانییەک، هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەولێری بە دابینکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا پابەندکرد. 

 

2025-06-18
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.