لەسەر شەڕەکەی ئێران و ئیسرائیل حزبەکانی ڕۆژهەڵات بڕیاری کۆتاییان دا
نها نیوز- هەواڵەکان
بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە، حزبەکانی ڕۆژهەڵات هەوڵەکانیان دەستپێکرد بۆ دروستکردنی کۆدەنگیی و کۆمەڵەش لە بانگەوازێکدا، داوا دەکات، حزبەکان لەم دۆخەدا بە ئەرکی خۆیان هەڵستن و پلان و بەرنامەی هاوبەش و گونجاویان هەبێت بۆ دروستکردنی کۆدەنگیی لەنێوانیان.
ئەمرۆ یەکشەممە، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ڕاگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانیان سەبارەت بە شەڕی نێوان ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامی و گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها ئەگەرەکان و بەتایبەت دۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدا.
کۆمەڵە، باسی لەوەش کردووە: "بە گرنگمان زانی لەم قۆناغەدا هەموو حزب و رێکخراوە سیاسیەکان دوور لەهەر جۆرە کێشە و جیاوازییەک، بە ئەرکی خۆیان هەڵستن پلان و بەرنامەی هاوبەش و گونجاویان هەبێت تا بە کۆدەنگی و یەکگرتووانە بزاڤی خەڵکی کوردستان رێبەری بکەن".
حزبی زەحمەتکێشان جەختیش دەکاتەوە لەوەی، لەسەر پێکهێنانی کۆمیتەی بەرێوەبەریی هاوبەشی هەموو حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێی لە باشوور کردەوە تا بتوانن وەڵامی شایستە به داخوازی بەرینی خەڵکی کوردستان بۆ یەکگرتوویی حزبەکان بدەنەوە و بە کەمترین خەسار، ئەم قۆناغەی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان تێپەرێنن.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لەم بارەیەوە دەشڵێن، بەزووترین کات پلان و بەرنامەی خۆیان بۆ ئەم مەبەستە دەخەنەڕوو.
|