نهانیوز زانیاری نوێ لەبارەی پڕکردنەوەی فۆرمی خۆراکی هاوڵاتیان بڵاودەکاتەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
پەرلەمانتارێکی کورد لە فراکسیۆنی یەکێتی بە نهانیوزی راگەیاند کە هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدەن کە لە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکدا بۆ هاوڵاتییان دروست دەبن.
ئێوارەی ئەمڕۆ بەدرییە حسێن، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەفراکسیۆنی یەکێتی بە نهانیوزی ڕاگەیاند" لەسەر داوای هاوڵاتیان بەدواداچوونم بۆ پرۆسەی پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک کردووە و لەهەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هاووڵاتیان ڕووبەڕویان دەبێتەوە".
وتیشی" بەشێکی زۆر لەهاوڵاتیان کارتی نیشتمانییان نییە، کە ئەمەش مەرجێکی سەرەکییە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک، هاوکات دەرهێنانی کارتەکەش کاتێکی زۆری پێویستە، بۆیە داوامان لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق کردووە کاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکە درێژ بکەنەوە یاخود پەلە بکرێت لە ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان بۆ دەرهێنانی کارتی نیشتمانیی".
پەرلەمانتارەکە وتیشی" بەشێکی دیکە لەهاووڵاتیان کە خاوەنی منداڵی تازە لەدایکبوون، یاخود کەسێک لە خانەوادەکەیان کۆچی دوایی کردووە و کارتی نیشتمانیی نییە، بەپێی مەرجەکانی پڕکردنەوەی فۆرمەکە پێویستە کارتی نیشتمانییان بۆ دەربکەن، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەهەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانداین".
فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک لە 5ی6ی2025 بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کاراکرا و تا 5ی7ی2025 بەردەوام دەبێت، هەر کەس لەو ماوەیەدا هەژمار دروستنەکات، بەشەخۆراکەکەی ڕادەگیرێت.
|