ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی تەیف سامی و مامۆستایان راگەیەندرا
نها نیوز- هەواڵەکان
مامۆستایانی ناڕازیی هەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەمەبەستیی کۆبوونەوە لەگەڵ تەیف سامی پەیوەست بە دوو پرسی گرنگ گەیشتوونە بەغدا و دوو پرسی گرنگیان لەگەڵ باس کردووە و یەکێک لە پرسەکانیش داواکاریی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بووە.
سەرچاوەیەک لە مامۆستایانی ناڕازیی هەرێم ڕایگەیاند:" ماوەی کاتژمێرێک لەگەڵ تەیف سامی کۆبووینەتەوە و لەسەر دوو تەوەری گرنگ گفتوگۆمان کردووە کە بریتی بوون لە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و جێبەجێ کردنی تەوتین".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی: "داوامان کردووە مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم هەرچی زووە خەرج بکرێت و بەغدا نەیکاتە کارتی فشاری دژی مووچەخۆرانی کوردستان و تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان نەکرێت".
ئاماژەی بەوەش کرد: "وەڵامی تەیف سامی بۆ ئێمە ئەوە بووە، ئەگەر هەرێم داواکارییەکانی بەغدا جێبەجێ بکات، هەم دەتوانن تەوتین فەرمانبەرانی هەرێم جێبەجێ بکەن و مووچەش بنێرن".
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیەی ناو مامۆستایانی ناڕازی، داواکاری سەرەکیی تەیف سامی بۆ ناردنی مووچە، بریتی بووە لە ناردنی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا بووە بەوشێوەیەی لەگەڵ حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم لەسەری ڕێککەوتوون کە ڕادەست کردنی نیوەی داهاتی ناوخۆیە بە بەغدا بەڵام حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم پێیەوە پابەند نەبووە.
وابڕیارە مامۆستایانی ناڕازی دوای گەیشتنەوەیان بە هەرێمی کوردستان، ئەمشەو کاتژمێر نۆ کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ببەستن و زانیاریی زیاتر لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ تەیف سامی بۆ ڕۆژنامەنووسان بخەنەڕوو.
|