حکومەتی هەرێم راپۆرتێکی دژ بە عێراق بڵاوکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" 11 ساڵە بەغدا گەمارۆیی ئابوری و سیاسی و دارایی خستوەتە سەر هەرێمی کوردستان و دەشڵێت، حکومەتی بەغداد دەیەوێت هەرێمی كوردستان بەرەو لاوازی و بچوكبونەوە ببات".
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکی ڤیدیۆیدا دەڵێت" لە چەند ساڵی رابردودا، حکومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر ئاستە سیاسی و دارایی و ئابوورییەکان، گەمارۆی خستووەتە سەر هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و فشاری بەردەوامی بۆ بچوککردنەوە و لاوازکردنی هەرێمی کوردستان کردوە."
وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە"بەغدا لە جیاتیی هاوبەشی و رێککەوتن، هەموو ئامڕازێکی بۆ سزادانی هەرێمی کوردستان، خستوەتەگەڕ و ماوەی 11 ساڵە بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، سەرباری ئەوەی دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیاری داوە مووچەی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت بەبێ دواکەوتن"، دەشڵێت" بەڵام حکومەتی فیدراڵ هەموو مانگێک، مووچەی دواخستووە و هیچ ساڵێکیش هەر 12 مووچەکەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردوە."
ئاماژەی بەوەش کردوە، لە دوایین بڕیاری ستەمکارانە و سزادانێکی نوێدا، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری دا، مووچەی هەشت مانگی ساڵی 2025 نەنێرێت، لەکاتێکدا لە 13 ترلیۆن دیناری پشکی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025، تەنیا چوار ترلیۆن دینار نێردراوە.
|