وادەی دانیشتنی دادگای فیدراڵیی لەبارەی مووچە راگەیەندرا
نهانیوز-هەواڵەکان
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کاتی دەستپێکردنەوەی دانیشتنی دادگای فیدراڵی ئاشکرا دەکات و دەڵێت "سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکانی دادگای فیدراڵی دەستپێدەكاتەوە".
شوان محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم نییە.
وتیشی "لە رۆژی دووشەممەوە دانیشتنی دادگای فیدراڵی دەستپێدەكاتەوە و ئەوان دەتوانن فەرمان سالاری بۆ وەستاندنی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە راگرتنی مووچەی هەرێم دەربکەن".
لە نوێترین لێدواندا د. شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى سەرۆکى ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئومێدەوارین لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا دادگای فیدراڵی بڕیاری ناردنی مووچە بۆ هەرێم بدات.
سەرەڕاى تێپەڕبوونى 10 رۆژى مانگى حوزەیران، هێشتا مووچەخۆرانى هەرێم مووچەى مانگى ئایارى رابردوویان وەرنەگرتووە و بەپێى نووسراوەکەى دارایى عێراق چارەنووسى مووچەى تەواوى مانگەکانى داهاتووى ئەمساڵیان نادیارە.
|