گەرمای هاوینە دەستپێدەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
بە پێی پێشبینییەکانی کەشناسیی عێراق پێشبینی کەشێکی گەرمی هاوینە تەواوی ناوچەكانی عێراق دەگرێتەوە و شارەزایەكی كەشناسی کوردیش دەڵێت" گەرمای هاوینە بە تەواوی دەستپێدەكات".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی عێراق، ئەمڕۆ کەشێکی گەرمی هاوینە تەواوی عێراق دەگرێتەوە، لە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆکیش باران دەبارێت.
لەبارەی کەشوهەوای ڕۆژانی داهاتووش ڕایگەیاندووە، سبەی و دوو سبەی ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور بێت، سبەی پلەكانی گەرما هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت، بەڵام دوو سبەی لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور بەراورد بە باکوور زیاتر بەرزدەبنەوە.
لای خۆشییەوە شاڵاو هیدایەت، شارەزای كەشناسی رایگەیاند" لە ئەمڕۆ سێ شەممە، پلەکانی گەرما بەڕێژەی 2 بۆ 3 پلە بەرز دەبنەوە تاکۆتایی هەفتە، بەڵام لەکۆتایی هەفتەوە پێنج شەممە بەولاوە زیاتر و بەڕێژەی 3 تا 5 پلەی تر بەرز دەبنەوە".
وتیشی" لەکۆتایی ئەم هەفتە بەولاوە گەرمای هاوینی دەستپێدەکات و لەگەڵ دووباره بوونەوەی شەپۆلەکانی گەرما پلەکان زیاتر بەرز دەبنەوە و گەرما زیاتر دەبێت".
|