نها نیوز- هەواڵەکان
پەرلەمانتارێکی شیعەی عێراق ناوەرۆکی کۆبوونەوەی بەرپرسێكی ئەمریكا و سودانی ئاشکرا دەکات و دەڵێت" ئیدارەی ئەمەریکا لەگەڵ ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە".
یوسف کیلابی پەرلەمانتاری شیعەی عێراق نهێنییەكانی كۆبونەوەیەكی بەرپرسێكی ئەمریكا و سودانی ئاشكرا دەكات و دەڵێت " ستیڤن فەیگن هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی باڵوێزخانەی ئەمەریکا لە عێراق سەردانی محەمەد شیاع سودانی کردووەو پێی ڕاگەیاندووە ئیدارەی ئەمەریکا لەگەڵ ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نییە.
کیلابی دەشڵێت "ئەمەریکا فشاری خستووەتە سەر سودانی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و جەختی لەوە کردۆتەوە، بەغدا کێشە لەگەڵ حکومەتی هەرێم دروست نەکات .
یوسف کیلابی کە پەرلەمانتارێکی ڕەخنەگرە رایگەیاند "ستیڤن فەیگن جۆرێک لە هەڕەشەی ئیدارەی ئەمەریکای گەیاندووەتە سودانی و داوای کردووە بەزوویی ڕێگایەکی یاسایی بدۆزێتەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی نەناردنی مووچە".
28ى ئایار وەزارەتی دارایی بەغدا بە پاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێمى کوردستان خەرجکردنى مووچەى راگرت و ئەوەش پەیوەندییەکانى بە تەواوەتى ئاڵۆز کرد، دواتر ژمارەیەک فەرمانبەر لە دادگاى فیدراڵى سکاڵایان تۆمارکرد و داواى فەرمانسالارى دادگاکەیان کرد بۆ خەرجکردنى مووچە و جەختکردنەوە لە بڕیارەکانى 21ـى شوباتى 2024 کە تێیدا لەسەر سکاڵاى چەند پارێزەر و هاونیشتمانییەک، هەردوو حکومەتى فیدراڵ و هەولێرى بە دابینکردنى مووچە لە کاتى خۆیدا پابەندکرد.