کوردستان

عێراق نزیکەی ملیارێک دۆلاری بە کۆمپانیایەکی میسڕی دۆڕاند

نها نیوز- هەواڵەکان

ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە حکومەتی عێراق نزیکەی ملیارێک دۆلاری بە کۆمپانیایەکی میسڕی دۆڕاندووە کە دەکاتە پارەی یەک مانگ و نیوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئەمڕۆ دووشەممە، کاروان یاروەیس ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی میدیاییدا ڕایگەیاند: "ساڵی ڕابردوو، هێڵی ئاسمانی عێراقی کە کۆمپانیایەکی حکومیە بڕی 927 ملیۆن دۆلاری دۆڕاندووە لە دادگایەکی قاهیرە کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیار دۆلار".

کاروان یاروەیس لەم بارەیەوە زانیاریی زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "هێڵی ئاسمانی عێراقی کە گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیایەکی میسڕی هەبووە، لەناو گرێبەستەکە ئەم مەرجانەی تێیدا بووە کە ئەگەر یەکێک پابەند نەبێت دەتوانێت بچێت بۆ دادگایەکی تەحکیمی و سکاڵا بکات".

ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی ئەوەشی خستەڕوو : "کۆمپانیاکە میسڕییە، دادگا تەحکیمییەکە لە میسڕە، بریکار و پارێزەرەکانی هێڵی ئاسمانی عێراقیش هەر میسڕین و کەیسەکەیان فرۆشتووە، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق 400 هەزار دۆلاری بۆ پارێزەرەکان خەرج کردووە".

کاروان یاروەیس ڕاشیگەیاندووە، 927 ملیۆن دۆلار دەکاتە پارەی مووچەی یەک مانگ و نیوی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

2025-06-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.