کوردستان

عێراق گورزێکی کەمەرشکێن لە سلێمانی دەدات

نها نیوز- هەواڵەکان

ماوەی چوار ڕۆژە بەفشاری عێراق، بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دوكان بەشێوەیەكی مەترسیدار زیاد كراوە و بەپێی زانیارییەکانیش، ئەم بەردانەوەیە دەبێتە مەترسیی بۆسەر وشكبونی بەنداوەكە و  كەمبونەوەی ئاوی ماڵانیش لە وەرزی هاویندا.

ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبەنداوی دوکان لە لێدوانێکی میدیاییدا ئاشکرای کرد:" حكومەتی عێراق بە فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی ئاگاداركردوەتەوە كە بەردانەوەی ئاوی بەنداوی دوكان زیاد بكرێت و ماوەی چوار ڕۆژیشە ئەو داوایەی عێراق خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە و سێ هێندە بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكە زیادكراوە".

ئەو سەرچاوەیە مەترسییەکیش لەسەر بەردانەوەی ئاوی بەنداوەکە بەڕێژەیەکی زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێت:" بەهۆی ئەوەی ئەم ساڵ بێبارانی روی لە هەرێمی كوردستان كردوە، لەم كاتەدا بەردانەوەی زیادی ئاو، مەترسیی بۆ سەر وشكبونی بەنداوەكە دروست دەكات.

باسی لەوەش کرد: "كە ماوەی چوار ساڵە حكومەتی عێراق فشار دەكات بۆ كەمكردنەوە و وشككردنی ئاوی بەنداوی دوكان".

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا بەهۆی بێبارانییەوە كە تەنها 240 ملیمەتر ئاو چووەتە ناو بەنداوی دوكان، ئاوی بەنداوەكە 20 مەتر لەسەر ئاستی دەریاچەكە دابەزیوە و لەكۆی حەوت ملیار مەتر سێجا، تەنها یەك ملیار و 950 مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.

2025-06-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.