کوردستان

پەرلەمانی عێراق لەسەر نەناردنی مووچەی هەرێم هاتە دەنگ

نها نیوز هەواڵەکان

پەرلەمانی عێراق پەیوەست بە مووچەی هەرێم و ناکۆکییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم و فیدراڵ، وێڕای نیگەرانیی خۆی لە نەناردنی مووچەی؛ داواش دەکات حکومەتی بەغدا پاشگەز ببێتەوە لە بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و "شایستە داراییەکانیان خەرج بکات".

ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمان بڵاویکردووەتەوە؛ نیگەرانیی خۆی لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەردەبڕێت و داواش دەکات پرسی مووچە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا نەکرێت.
 
سەرۆکایەیی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە: "ئەم ڕێکارە، بێگومان زیان بە هاوڵاتییانی هەرێم دەگەیەنێت و قەیرانێکی ئابووری دروست دەکات، هەروەها پێچەوانەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و دەستوورە کە مافی هەموو هاوڵاتییانی لە گشت پارێزگاکاندا مسۆگەر کردووە".
 
لە نووسراوەکەی پەرلەمانی عێراق ئەوەش هاتووە: "سەرۆکایەتیی پەرلەمان، داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات پاشگەز ببێتەوە لە بڕیارەکەی، بەتایبەت کە ئێمە لە ئاراستەی جەژنی قوربانی پیرۆزداین و پێویستە بژێوی خەڵک و شایستە داراییەکانیان بە پرسە سیاسییەکان و بابەتە تەکنیکییەکانەوە نەبەسترێتەوە و دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنەکان باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و دۆسیەکان و چارەسەرکردنی پرسەکان لەنێوان بەغدا و هەولێر".
 
2025-06-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.