یەکگرتوو وەڵامێکی توندی ئەو پارێزەرە دەداتەوە کە بەنیازە سکاڵا لە عێراق تۆمار بکات
نها نیوز- هەواڵەکان
دوای ئەوەی ژمارەیەک پارێزەر و چالاکوان لە هەولێر، باسیان لەوەکرد کە بەهۆی ئەوەی فراکسیۆنی یەکگرتوو هەرێم تۆمەتبار دەکات لەسەر نەدانی مووچە، بۆیە لە داواکاریی گشتیی سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکەن، ئەندامێکی ئەو فراکسیۆنەش ئاماژە بەوە دەکات کۆبوونەوەیان لەگەڵ سوودانی، لە ڕوانگەی دڵسۆزییان بووە بۆ چارەنووسی قووتی هاوڵاتیانی هەرێم و دەشڵێت:" ئەو سکاڵایە بنەمای یاسایی نییە و کۆبونەوەشمان لەگەڵ سودانی نایاسایی نییە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، دارا سێکیانی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتوو، لەبارەی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵیان لەبەرامبەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیان لەگەڵ سوودانی، لەلێدوانێکدا بە نها نیوزی ڕاگەیاند:" ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سوودانی نە نیازی تێکدانی یەکدەنگیی فراکسیۆنە کوردییەکانمان هەبووە نە ئەوەی بمانەوێت لایەنێک تۆمەتبار بکەین بەهۆی نەناردنی مووچەوە، بەڵکو لەڕوانگەی دڵسۆزیمان بووە بۆ چارەنووسی قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان".
سێکیانی ئاماژەی بەوەشکرد:" دۆخی هاوڵاتییانی هەرێم کە بەرەو جەژنە دەچین دیارە کە خراپە و هەردوو حکومەتی هەرێم و فیدڕاڵیش بوونە هۆی دواکەوتنی مووچە، لەگەڵ ئەوەش یەکتر بە هۆکاری دواکەوتنی مووچە دەزانن، بەڵام ئەوەی لێرە قوربانییە ئەو ململانێ سیاسییەیە خەڵکی هەرێم و مووچەخۆرانن".
سەبارەت بەو سکاڵایەی بڕیارە لەسەر فراکسیۆنەکەیان تۆماربکرێت لەلایەن پارێزەرێکەوە لە هەولێر، ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتووە دەڵێت "ئەو کۆبوونەوەی ئێمە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق هیچ نایاسایی بوونێکی تێدا نییە تاوەکو تاوانبار بکرێین و سکاڵامان لەسەر بکرێت، دەبێت ئەو سکاڵایە بنەمایەکی یاسایی هەبێت کە نایاسایی بوونی ئەم کارەی ئێمە دەربخات، لەکاتێکدا ئێمە بە ئاشکراش وتوومانە بۆ پرسی چارەسەری مووچە لەگەڵ سوودانی کۆدەبینەوە و کارەکەمان بەرگرییە لەمووچەخۆری هەرێم و نایاساییش نییە".
لەبارەی هەنگاوی داهاتووی فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا، سێکیانی وتی: " لەئێستادا هەموو لایەک چاوەڕێی بڕیاری دادگاین بۆ دەرکردنی فەرمانسالاری تاوەکو مووچەی هەرێم بنێردرێت، ئەگەر نا وەک فڕاکسیۆنەکان ڕێگای تر دەگرینە بەر بۆ فشارخستنە سەر حکومەتی ناوەند تاوەکو مووچە بنێرێت".
|