گومرگی هەرێم: دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق تەنیا بۆ گەندەڵی دامەزراوە
نهانیوز-هەواڵەکان
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان وەڵامی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەداتەوە و دەڵێت" دەستەکە نایاساییە و تەنیا بۆ گەندەڵی دامەزراوە."
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یاسایی کاری خۆیان دەکەن و لەهەمان کاتیشدا هەرێم سیستمێکی شەفاف و سەردەمیانەی بۆ بەڕیوەبردنی دەروازە سنوورییەکان هەیە، کە بەشێوەیەکی یاسایی داهاتەکان کۆدەکاتەوەو ئەوەش پێچەوانەی عێراقە هەیە کە تیایدا سیستمی دەروازە سنوورییەکان بەخراپی بەڕێوەدەبرێن.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە باسی لەوەکردوە، هێرشی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق بۆسەر هەرێمی کوردستان بابەتێکی سیاسییە و بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکانە.
جەختی لەوەکردوەتەوە، گەندەڵی لە دامودەزگا فیدراڵییەکان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و پەلاماردانی هەرێمیش بەشێکە لە هەوڵەکانیان بۆ لادانی سەرنج لەسەر شکستی ئیدارەدانی خۆیان.
پیشتر دەستەکەی عێراق ڕایگەیانبدوو، 20 دەروازەی سنوریی نایاسایی لە هەرێمی كوردستان هەیە، کە بۆ کاری قاچاخچێتی بەکاردەهێنرێن.
|