نهانیوز-هەواڵەکان
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەبێ هیچ بڕیارێک لەسەر مووچەى مانگى ئایار کۆتاییهات وەزیرێکی حکومەتی کاربەرێکەری هەرێمیش دەڵێت" هیچمان پێناكرێت بۆ پێدانی مووچە".
ئەمڕۆ چوارشەممە،4ی حوزەیرانی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە و یەکێک لە تەوەرەکانیش پرسی مووچە بوو.
عەبدوڵا حاجی مەحمود، وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دوای کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران بە کەناڵی نزیک لە پارتی ڕاگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی حكومەت بڕیارماندا هەنگاوەكانمان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی بەغدا مووچە بنێرێت.
لەبارەی دابینکردنی مووچە پێش جەژن، عەبدوڵا حاجی مەحمود باسی لەوە کرد، تازە جەژنە و ئەستەمە مووچە دابین بکرێت.
عەبدوڵڵای حاجی مەحمود ڕاشیگەیاند، هیچ پارەیەكمان نییە بۆ مووچە و داهاتمان داوە بە بەغدا و بەم دوو ڕۆژەش هیچمان پێناكرێت بۆ پێدانی مووچە، بۆیە دوای جەژن بە دوو ئاراستە كاردەكەین، یەكەمیان دادگای دەستوورییە و سکاڵا دەكەین، ئەوەی تریشیان پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی خۆمانە بەكاری دەهێنین.
رۆژی 28ـی ئایار، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تيايدا هاتووە، بەگوێرەى یاساى بودجەى ساڵەکانى 2023، 2024، 2025، هەرێمى کوردستان لە 12.67ـی پشکی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێکی دارایی بۆ مووچە نەماوە.