کوردستان

بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک لە هەرێم خرایە بواری جێبەجێكردنەوە



دوای پارێزگای هەڵەبجە، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک بەشێوەیەکی فەرمی لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 3ی حوزەیران، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" بەمەبەستی سەرپەرشتی كردنی پرۆسەی بەئەلیكترۆنی كردنی پسوڵەی دابەشكردنی خۆراك لەهەرێم، بەفەرمی شاندێك لە بەغدادەوە سەردانی شاری هەولێریان كردوە".

وتیشی" لەرۆژانی رابردودا پرۆسەكە بەشێوەی ئەزمونی بەردەستبوە، لە هەولێر (37) هەزار، لە سلێمانی (80) هەزار، لە هەڵەبجە (67) هەزار و لە شاری دهۆکیش (40) هەزار هاوڵاتی پسوڵەكانیان پڕكردووەتەوە".

روونیكردەوە، لە قۆناغی یەکەمی پڕۆسەكەدا، ئەو ناوانە لە پسوڵە ئەلیکترۆنییەکە تۆماردەكرێن، کە لە پێشوتردا لەسەر پسوڵەی کاغەزیی ناویان هەبوە، دواتر و لە قۆناغی دوەمدا زیادکردن و گواستنەوە و سڕینەوە بۆ ئەندامانی خێزانەكان ئەنجامدەدرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی وەزارەتی بازرگانی، داوای لە هاوڵاتیان كرد بۆ ئەوەی پڕۆسەكە بەزویی بەڕێوەبچێت لە پڕكردنەوەی پسوڵە ئەلیكترۆنییەكە هاوکاری وەزارەتەکەی بكەن.


لای خۆشیانەوە شاندەکەی عێراق كە سەردانی هەولێریان كردوە، ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد، تا ئێستا (27) ملیۆن هاوڵاتی پسوڵەی خۆیان نوێ کردوەتەوە كە ئەم پسوڵە ئەلیكترۆنیانەش ئاسانکاریی بۆ کاروباری حکومەت دەکات.
 
2025-06-03
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.