ئەمرۆ فۆرمی دامەزراندنی کارمەندانی سەر سندووق کارا دەکرێت
نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی ئەمرۆ فۆرمی ئۆنلاینی دامەزراندن بۆ سەر سندوقی هەڵبژاردن كارا دەبێت و هەر شارە بە جیا فۆرمی خۆی كارا دەكات.
ئەمڕۆ سێشەممە3 ی حوزەیرانی 2025 جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ فۆرمی دامەزراندن بۆ سەر سندوقی هەڵبژاردن كارا دەبێت، بۆ ئەو كەسانەی ئارەزوو دەكەن ببن بە كارمەندی سەر سندوقی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق”.
وتیشی، فۆڕمەکە لە ماڵپەڕی فەرمی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و پلاتفۆرمە جیاوازەكانی كۆمیسیۆن لە سۆشیال میدیا كارا دەكرێت، هەروەها هەر كەسێكیش لە رێگەی شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیەوە فۆڕمەكە پڕ بكاتەوە، واتا كەسێك بۆ نموونە لە هەولێر بێت لە رێگەی پەیجی فەرمی لقی هەولێر فۆڕمەكە پڕ بكاتەوە، بۆ شارەكانی دیكەش بە هەمان شێوە.
جومانە غەلای وتی "فەرمانبەران، دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگاکان، قوتابیان و خاوەن بڕوانامەی باڵا دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن، ئەمەش لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقە، کە بڕیارە لە ١١/١١ی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت."
كۆمیسیۆنەكە پێشتر وردەكاری چۆنیەتی پڕكردنەوەی فۆڕمە و تایبەتمەندیی ئەو كەسانەی دیاریی كرد، كە دەیانەوێت ببنە كارمەندی سەر سندوق لە رۆژی هەڵبژاردندا.
|