نها نیوز - هەواڵەکان
پەرلەمانتارێكی عێراق هۆشداری لە دۆخی ئابووری عێراق دەدات و ئاشکرای دەکات فەرمانبەرانی عێراق مووچەی دوو مانگی كۆتاییان لە پارەی ئەمانەتی باج و خەراج وەرگرتووە،دەشڵێت "بە پێدانی مووچەی هەرێم ڕووبەڕووی كێشەیەكی ڕاستەقینە دەبینەوە ".
عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا دەڵێت: عێراق ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بۆتەوە، لەئێستادا ئێمە كێشەی كورتهێنانێكی ڕاستەقینەمان هەیە و ئەگەر بێتوو هەرێمی كوردستان پابەندییەكانی جێبەجێ نەكات كورتهێنانەكە زەقتر دەبێتەوە.
دەشڵێت: فەرمانبەرانی عێراق مووچەی دوو مانگی كۆتاییان لە پارەی ئەمانەتی باج و خەراج وەرگرتووە، ئەی دوای ئەمە چۆن دەبێت؟
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بڕیار بدات حكومەتی عێراق بەردەوام بێت لە خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، ڕووبەڕووی كێشەیەكی ڕاستەقینە دەبینەوە لەسەرجەم عێراقدا.
جەختی لەوە کردەوە، کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە بەبێ وەڵامی ڕاستەقینە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە دەبێتە هۆی قەیرانێک کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر کارمەندان و خانەنشینان و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی هەبێت.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت "ئەگەر هەموو لایەنەکان پابەندبوون بە یاسا فیدڕاڵیەکانەوە جێبەجێ نەکەن، مووچە دەبێتە قوربانی یەکەم، هاووڵاتی عێراقیش باجەکەی دەدات".