لە رووداوێکی سەختی هاتوچۆدا کەسێک گیانی لەدەست دا
نهانیوز-هەواڵەکان
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر رێگای سەرەکیی عەربەت، نزیک گوندی خەراجیان، رووداوێکی هاتوچۆ روویدا و کەسێک گیانی لە داست دا.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی، لەسەر رێگای سەرەکیی عەربەت، نزیک گوندی خەراجیان، رووداوێکی هاتوچۆ روویدا و گیانلەدەستدان و برینداربوونی لێکەوتەوە.
لە راگەیەندراوەکە دا هاتوە، ئۆتۆمبێلێک لە جۆری تۆیۆتا پرادۆ، شۆفێرەکەی بەخێراییەکی زۆر رۆیشتووە و بەهۆی ئەو خێراییە کۆنترۆڵی لەدەستداوە و لە رێگا و ئاراستەی خۆی لایداوە، لە ئەنجامدا خۆی کێشاوە بە بەربەستی ئاسنینی نێوان هەردوو رێگاکە، پاشان پەڕیوەتەوە بۆ رێگای بەرامبەر و خۆیکێشاوە بە ئۆتۆمبێلێک لە جۆری هۆندا ـ ئەکسێنت رەنگی سپی.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو پێکدادانەوە، شۆفێری هۆنداکە گیانیلەدەستدا و سەرنشینی تەنیشت شۆفێری هۆنداکە و شۆفێری پرادۆکە، برینداربوون.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە شوێنی رووداوەکە ئامادەبوون و کەشف و هێڵکاری بۆ رووداوەکە کراوە.
|