سەرکردەیەکی عیراق بەرگری لە مافی کورد دەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆک وەزیرانی پێشوی عیراق، داوای سیستمی سەرۆکایەتی بۆ عێراق و کۆنفیدراڵیش بۆ کورد دەکات، جەختیش لەسەر شکستی سیستمی پەرلەمانی لە عێراق دەکاتەوە.
لە دیدارێکی تەلەفیزیۆنی لەگەڵ کەناڵی سۆمەرییە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عیراق رایگەیاند" هەر لەسەردەمی پادشایەتییەوە سیستمی پەرلەمانی لە عێراق سەرکەوتوو نەبوە و بوەتە مایەی ناسەقامگیری بۆ وڵات".
ئاماژەی بەوەش کردوە، لە سیستمی پەرلەمانیدا کاندیدەکانی لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن و دەبنە دەمڕاستیان لەپەرلەماندا، بەڵام لەسیستمی سەرۆکایەتیدا کە بۆ ئێستای عێراق گونجاوە، ئەگەر سەرۆک خواستەکانی خەڵکی بەدی نەهێنا، ئەوا دەتوانن سزای بدەن.
مستەفا کازمی وتیشی" لە سیستمی سەرۆکایەتیدا، کورد زەرەرمەند دەبێت، بۆیە لە ئەگەری گۆڕینی سیستمی پەرلەمانی بۆ سەرۆکایەتی، پێویستە لەگەڵ کورد ڕێککەوتن بکرێت و ئازاد و دەستکراوە بکرێن" و دەشڵێت" پەنابردن بۆ جێبەجێکردنی کۆنفیدراڵی، هەرێمی کوردستان لە کێشەی موچە و کۆمەڵێك کێشەی دیکە رزگار دەکات".
رونیشی دەکاتەوە، لە سیستمی سەرۆکایەتیدا، کورد و عێراق لە سیاسەتی دەرەوە و بەرگرییدا هاوبەش دەبن، کەئەوەش دەبێتە نمونەیەکی سەرکەوتوو، کە لە چەند وڵاتێكی وەک بەریتانیا و سکۆتلەندا پراکتیزە دەکرێت.
|