نها نیوز- هەواڵەکان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەکات، داڵدەدانی پاشماوەکانی ڕژێمی بەعسی پێشوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە هێزە شیعەکانی تەواو نیگەران کردووە، پێدەچێت ئەم نیگەرانییانەی شیعەکان لەبوونی پاشماوەکانی بەعس لە هەرێم ببێتە بیانوویەکی دیکەی دەستی بەغدا بۆ دروستکردنی گرفت لەبەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، موسەننا ئەمین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی میدیاییدا ڕایگەیاند: "باوەڕێک هەیە لای هێزە شیعییەکان کە حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم داڵدەی پاشماوەکانی بەعسی داوە، لە هەولێرەوە بەعسییەکان خەریکی ئامادەکارین بۆ ئەنجامدانی کودەتا بەسەر ڕژێمی ئێستای عێراق و بۆ ئەم کارەش سوود لە هەرێمی کوردستان وەردەگرن".
موسەننا ئەمین، دەربارەی ئەم بابەتە زانیاریی زیاتر دەخاتەڕوو و دەڵێت: "ئەم بابەتە نیگەرانیی هێزە شیعەکانی لێکەوتووەتەوە و چەندین جاریش باسکراوە نەوەک ئێستا و یەکێکە لەگلەییە هەمیشەییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆی عێراق و بەتایبەت شیعەکان لە دەسەڵاتدارانی هەولێر".
هەر بەوتەی ناوبراو "بۆ گەیاندنی ئەم نیگەرانییانەی شیعەکان لە داڵدەدانی پاشماوەکانی بەعس لە هەرێم، هادی عامری سەردانی هەولێر دەکات و ئەم نیگەرانییە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕاستەوخۆ باس دەکات".
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو لە عێراق ئەوەشی خستەڕوو، دەکرێت بابەتی بەعسییەکان ببێتە بیانوویەکی دیکەی دەستی دەسەڵاتدارانی بەغدا بۆ دروستکردنی گرفت لەبەردەم ناردنی مووچە.
سەبارەت بە گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێم و لێکەوتەکانی، ئەو وتی: "گرێبەست کردنی غاز لەلایەن حکومەتی هەرێم لە ئەمریکا، ئێران و عێراقی توڕەکردووە، ئێران پێیوایە دوای ئەم گرێبەستەی هەرێم، ئیتر عێراق پێویستیی بە گازی ئێران نامێنێت و عێراقیشی توڕە کردووە بەوەی عێراق پێیوایە مامەڵەکردن بە نەوت و گازەوە دەسەڵاتێکی هاوبەشە لەنێوان هەرێم و بەغدا پێویستە بەیەکەوە مامەڵەیان پێوە بکەن و هەرێم بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا ئەو دەسەڵاتەی نییە گرێبەستی وزە بکات".