سەرۆکی هەرێم پەیامێکی بۆ یەکێتی نارد
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ساڵیادی ٥٠ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" جەخت لە ئامادهیی و رۆڵی گرنگی یەکێتی لە پرۆسهی سیاسیی ههرێمی كوردستان و عێراقدا دهكهینهوه."
دەشڵێت" هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێکی بەهێزی پتهوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و پێکەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتهکانی کوردستان".
دەقی پەیامەکە:
بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سڵاو و رێز..
له یادی (50) ساڵەی دامەزراندن و یۆبیلی زێڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، گهرمترین پیرۆزبایی پێشكهش به بەڕێزتان و سەرکردایەتی و تەواوی ئەندامان و جەماوەری یەکێتیی نیشتمانیی كوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
لەم یادهدا بە رێزەوە دامەزرێنەری یەکێتی، خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی و هەموو ئهو شەهید و تێکۆشەرانه بەبیر دەهێنینەوە کە لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، قوربانییان بۆ ئازادی داوه. كاروانی پێنج دەیە خەبات و تێکۆشانی یهكێتی، شایستەی رێز و پێزانینە.
جەخت لە ئامادهیی و رۆڵی گرنگی یەکێتی لە پرۆسهی سیاسیی ههرێمی كوردستان و عێراقدا دهكهینهوه. هیوادارین ئەم یادە ببێتە هاندەرێکی بەهێزی پتهوکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و پێکەوەیی لەنێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتهکانی کوردستاندا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییهكان، ههروهها بۆ کارکردنی هاوبەش لهپێناو پاراستنی دەستکەوتەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستاندا و دڵنیابوون لە داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلی كوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان
|