کوردستان

ئەمرۆ 50 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکێتی تێدەپەڕێت

نهانیوز- هەواڵەکان

ئەمڕۆ یەکی حوزەیران، 50ساڵ بەسەر تەمەنی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، کەلە یەکی حوزەیرانی 1975 لە لایەن ژمارەیەک سەرکردەی کوردەوە دامەزرا.

دامەزراندنی یەکێتی دوای چەند مانگێکی کەم لە نسکۆی شۆڕشی ئەیلول هات، دامەزراندنەکەی لەکاتێکدا بوو، کە ئومێدەکان بۆ خەبات لەپێناو مافەکانی گەلی کورد لاوازبوو بوو.یەکێتی لە یەکگرتنی سێ رێکخراوی جیاواز دروستبوو، ئەوانیش کۆمەڵەی مارکسی- لینینیی کوردستان، بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان و هەروەها ئەو کەسانەی پێیان دەگوترا خەتی گشتی.

بڕیاری دروستبوونی یەکێتی بۆ دەستپێکردنەوەی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی حزبی بەعس بوو، یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی سەرکردایەتیی حزبەکەش لە 31ی تەمموزی 1977 بەڕێوەچوو، کە 12 رۆژی خایاند و تیایدا مام جەلال، بە سکرتێری گشتیی ئەو حزبە دیاری کرا.

لە مانگی ئازاری 1978دا دووەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی یەکێتی بۆ رێکخستنی پێشمەرگە، دارایی، دانانی نەخشە و پلان، دروستکردنی ھەشت ھەرێمی جیاواز کرا.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو لە شاخ چەندین کۆنفرانسی بەستووە، وەک کۆنفرانسەکانی کۆمەڵە لە ساڵانی 1981، 1982 و 1985.

دوای 17 ساڵ لە دامەزراندنی، یەکێتی لە 28ـی کانوونی دووەمی 1992 یەکەمین کۆنگرەی خۆی ئەنجامدا، ھەردوو باڵی کۆمەڵە و یەکێتیی شۆڕشگێران توانەوە و بڕیاری یەکخستنی ھەردووباڵەکەدرا و مام جەلال تاڵەبانی، بە سکرتێری گشتیی هەڵبژێردرایەوە.

کۆنگرەی دووەمی لە 30ـی کانوونی دووەمی 2001 و نۆ ساڵ دوای کۆنگرەی یەکەم لە سلێمانی بەسترا و دیسان مام جەلال، وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێردرایەوە.

هەروەها دوای نۆ ساڵ و لە 1ـی ئایاری 2010 دا کۆنگرەی سێیەمی بەست و مام جەلال بووەوە سکرتێری گشتی.

لە 25ـی تەمموزی 2009 نەوشیروان مستەفا، جێگری سکرتێری گشتی و ژمارەیەک لە سەرکردەکانی دیکەی ئەو حزبە جیابوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند و بزووتنەوەی گۆڕانیان دروستکرد.

رۆژی 21ـی کانوونی یەکەمی 2019 بە بەشداریی زیاتر لە هەزار ئەندام کۆنگرەی چوارەمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ناوی “کۆنگرەی نوێبوونەوە” لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد و دوو رۆژی خایاند و بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، بە هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵبژێردران.

رۆژی 28ـی تەمموزی 2022، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یه‌كێتیی نیشتمانیی کوردستان، سیستمی هاوسەرۆكی هەڵوەشاندەوە و بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دیاریکرد.

27ـی ئەیلولی 2023 پێنجەمین کۆنگرەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداریی 600 ئەندام و ژمارەیەک لە سەرکردە و نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد، هەر لە رۆژی یەکەمی کۆنگرەدا، بافڵ تاڵەبانی، بە سەرۆکی حزبەکە هەڵبژێردرا.

2025-06-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.