نها نوێترین زانیاریی لەبارەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکات
نها نیوز ـ هەواڵەکان
دوای ئەوەی بەشێک لەلایەنە سیاسییەکان بایکۆتی کۆبوونەوەکەی پیرمامیان کرد و، مەرجیان بۆ بەشداریکردنەکە دانا کە دەبێت پرسی مووچە لە پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ بکرێت، نها لەزاری جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان زانیاری نوێ دەخاتە روو.
ئەمڕۆ شەممە، هیوا نەسرەدین، جێگری سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان لەوبرەیەوە لەلێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوزی وت: "بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان دەستبکاتەوە بە کۆبوونەوەکانی و کارا بکرێتەوە، پێویستە کۆبوونەوەی تەواوکاریی بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەنجام بدرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بەڕێککەوتنی لایەنە بەشداربووەکانی پەرلەمانی کوردستان دەبێت.
هەروەها ناوبراو زانیاری زیاتر دەدرکێنێت و دەڵیت "تاوەکو کۆبوونەوەی فەرمیش بۆ دەستەی سەرۆکایەتیی نەکرێت ناتوانرێت دەست بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکرێتەوە".
ئەمەش لەکاتێکدایە، هەریەک لە کۆمەڵی دادگەری، ڕەوتی هەڵوێست، یەکگرتووی ئیسلامی بەرەی گەل و نەوەی نوێ و بزووتنەوەی گۆڕان (گردەکە) ئامادەی کۆبوونەوەکەی پیرمام نەبوون و بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و رایانگەیاند، پێویستە بابەتە چارەنووسسازەکان لە پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاری لەسەر بدرێت و بۆ ئەم مەبەستەش پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە.
|