مەزڵوم عەبدی: کەناڵی ڕاستەوخۆمان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ تورکیادا هەیە
نهانیوز-هەواڵەکان
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایگەیاند" ئامادەیە لەگەڵ سەرۆك کۆماری تورکیا، کۆببێتەوە"، دەشڵێت"پەیوەندی و کەناڵی ڕاستەوخۆیان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ تورکیادا هەیە و هیوایش دەخوازێت، پەیوەندییەکەیان پەرەبسێنێت..".
مەزڵوم عەبدی – فەرماندەی گشتی یهێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی شەمس ڕایگەیاند" دو مانگ و نیوە ئاگربەستیان لەگەڵ تورکیادا هەیە"، دەشڵێت" ئاگربەستەکە کاتیی و مەرجدارە و هیوادارن ببێتە هەمیشەیی."
ئاماژەی بەوەش کردوە" پەیوەندی و کەناڵی ڕاستەوخۆیان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ تورکیادا هەیە، هەروەها لە ڕێگای نێوەندگیرەکانیشەوە هیوادارن ئەو پەیوەندییانەیان لەگەڵ تورکیا پەرەبسێنێت. "
مەزڵوم عەبدی، لەبارەی مەرجەکانی ئاگربەستەکەیان لەگەڵ تورکیا ئاشکراشی کرد"هەندێك دۆسییەی ئەمنی هەن کە تورکیا داوای چارەسەرکردنیان دەکات و وەك هەسەدەش ئێستا کاریان لەسەر دەکەن، دەشڵێت" تورکیا بایەخ بە تێکەڵکردنی هەسەدە بە سوپای سوریا و دۆسییەکانی دیکەش دەدات."
ئاشکراشی کرد" لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەکی نییە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان – سەرۆك کۆماری تورکیا کۆببێتەوە، بەڵام هیچ کێشەیەکیشی نییە لەوەی لەگەڵیشیدا کۆببێتەوە."
|