لە کوردستان مزگەوت لە شێوەی کڵاو و جامانە دروست دەکرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزارەتی ئەوقاف بڕیارێکی بۆ دروستکردنی مزگەوت لە هەرێم دەرکرد و دەڵێت”دەبێت مزگەوتەکان لە شێوەی کڵاو و جامانەی کوردی دروست بکرێن”.
محەمەد موشیر بەڕێوەبەری ئەندازەی مزگەوتەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی بەمیدیای پارتی ڕاگەیاندووە، بۆ ئەوەی مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان مۆڕکێکی کوردەوارییان هەبێت، چوار ساڵ پێش ئێستا داوامان لە ژمارەیەک نووسینگەی ئەندازیاری کرد لە تەواوی شار و شارۆچکەکان کە دیزاینی تایبەت بۆ دروستکردنی مزگەوتەکان بنێرن.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەنێو ژمارەیەکی زۆری دیزاینەکان، بڕیاردرا سەرجەم مزگەوتەکان لەسەر شێوەی کڵاو و جامانەی کوردی دروستبکرێن.
ڕوونیشیکردۆتەوە، لە ئێستادا هەر مزگەوتێک دروستبکرێت، لەشار و شارۆچکەکان پێویستە بەشێوەی کڵاو و جامەنەی کوردی بێت، کە لە وەزارەتی ئەوقافەوە پەسندکراوە، تەنیا گوندەکان ئەم بڕیارە ناگرێتەوە، چونکە بودجەیەکی زۆری پێویستە و مزگەوتی گوندەکانیش بچووکترن بەراورد بە شار و شارۆچکەکان.
محەمەد موشیر دەشڵێت، تاوەکوو ئێستا مۆڵەت بە زیاتر لە 100مزگەوت دراوە بۆ دروستکردنیان لەسەر ئەم شێوازە، زیاتر لە 50 مزگەوت دەکەونە شاری هەولێر، چەند مزگەوتێکیش لەسەر ئەم شێوازە تەواوکراون
|