نهانیوز-هەواڵەکان
فازل میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی پارتی لەوتارێكدا بە زمانی عەرەبی دەڵێت" ئەو فەرمانبەرانەی دەوڵەت كە بەپێی دەقێكی روونی یاسایی موچە وەردەگرن و بەشێكیان تەنانەت بەر لە گۆڕانی رژێمی سیاسیی كارین كردووە، ئەوانە بەگوێرەی یاسای دیسپیلینی فەرمانبەرانی دەوڵەت لە عێراق، هیچ دەق و بڕگەیەك لە هیچ ماددەیەكی یاساكەدا لە بابەتەكانی سزادان نایانگرێتەوە، چونكە بەگوێرەی یاسای ناوبراو، فەرمانبەری سزادراو بە بڕینی موچە دەبێت سەرەتا ئاگاداركردنەوەی پێبدرێت و دواتر بۆ بڕینی موچە، هەروەك دەبێت سزاكە هۆكاری هەبێت و بەهۆی ئەوەی بەكارێك هەستاوە كە دەبێت سزا وەربگرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فازڵ میرانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە حکومەتی عێراق لەبەر چ هۆکاریک لە ڕێگەی موچەبڕین یان مامەڵەكردن یاخود دواخستی موچەكانیان سزای فەرمانبەرانی هەرێم دەدات، دەشڵێت" بۆچی خەڵکی بێتاوان تێكەڵی پرسگەلێك دەكەن كە پەیوەندی بە دەزگاكانی سیستەمی فیدراڵییەوە هەیە؟
بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات"فەرمانبەرانی كوردستان فەرمانبەری عێراقین، ناو و ناونیشان و وێنەی كەسیی و داتاكانیان ئەوە نیشان نادات كە خەڵكانی بیانی بن یاخود كار بۆ بەرژەوەندی وڵاتانی تر بكەن".
فازڵ میرانی لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا دەڵێت" جێگای شەرمەزارییە کە دەسەڵاتداران سەریان لێ شێواوە بەهۆی ئەو سنوردارکردنانەی کە خراوەتە سەر ئەو کەسانەی کە کارەکانیان ئەنجام دەدەن، هەڵمەتی میدیایی لە فەرمییەوە تا دزەپێکراو ئەنجام دەدرێت و رێوشوێنی سزادان بەرامبەر بەو کەسانە دەگرنەبەر کە هیچ سەرپێچییەک یان كەتن یاخود تاوانێكیان نەكردووە".
میرانی لە کۆتایی وتارەکەشیدا ئەوەش دەخاتە روو کە فەرمانبەرانی كوردستان مامەڵەی سیاسی نین وەكو هاوتاكانیان لە بەشەكانی تری وڵات مامەڵەیان لەگەڵدا ناكرێت.