کوردستان

فراکسیۆنە کوردستانییەکانی پەرلەمانی عێراق هاتنە دەنگ

نهانیوز-هەواڵەکان

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێن ”ئەم بڕیارەی وەزارەتی دارایی عێراق دژایەتی قوتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە”.

ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌، 29ـی ئایاری 2025، فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی عێراق پێکەوە کۆبوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەشیان راگەیەنراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە راگەیەنراوەکەیاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن"  به‌ بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ و ڕاگرتن و خه‌رج نه‌كردن و نه‌ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تووشی سه‌رسوڕمانی بوون".

لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە" بە سەرنجدان بە بارودۆخی مرۆیی و ئەو بارودۆخە سەختەی بەردەم فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان کە بە هۆی سیاسەتەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵیەوە گەیشتووەتە ئاستی برسیه‌تی و شه‌ڕی بژێوی ژیانی ڕۆژانه‌یان".

فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختدەکەنەوە، کە ئەم بڕیارە ئامانجێكی سیاسیی له‌ پشته‌‌ و پێشێلکردنی دەستووری عێراقە، کە به‌ پێی مادده‌ی (37/ یه‌كه‌م) گەرەنتی پاراستنی شكۆ و ڕێزی هاووڵاتییان ده‌كات بەبێ له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخەکان.

فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا باسی له‌وه‌ كردووه‌، ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵ به‌رانبه‌ر به‌ مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان ده‌یكات پێچه‌وانه‌ی مادده‌ی (14)ـی ده‌ستووره‌ كه‌ مافی یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری بۆ ته‌واوی هاووڵاتییانی عێراق له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌و وڵاته‌ ده‌سته‌به‌ر كردووه‌.

بەپێی بەیاننامەکە، فراکسیۆنە کوردستانییەکان داوای چارەسەری ڕیشەیی و هەمیشەییان بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كردووە و لەم پێناوەشدا بەفەرمی داوایان لە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە بەپەلە دەستوەردان بكات بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

هاوکات بۆ چارەسەرکردنی بەپەلەش فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەڵێن “داوا لە سەرۆک کۆمارو وەزیرانی کورد لە حکومەتی عێراق دەکەین، هەڵویستی روون و ئاشکرای خۆیان لەسەر پرسی مووچە بخەنە روو”.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی رابردوو تەیف سامی لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە بەغدای کردوە دەڵێت" شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەشە بودجەی ساڵی 2025 کۆتایی هاتوە و چیدیکە مووچە بۆ هەرێم نانێرن

 
2025-05-29
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.