کوردستان

رێباز حەملان: بڕیارەکەی تەیف سامی لەسەداسەد سیاسییە

نهانیوز- هەواڵەکان

بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق جەخت لەوەدەکاتەوە کە لیستی مووچە مانگی ئایار هیچ کێشەیەکی نەبووەو بڕیارەکەی تەیف سامی لەسەداسەد سیاسییە.

رێباز حەملان، بریکاری پێشووی وەزیری دارایی عێراق لە کاردانەوەی نووسراوەکەی تەیف سامی لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند"   لیستی مووچەی مانگی ئایار هیچ كێشەیەكی یاسایی و ئیداریی نییە و بڕیارەکە سەدا سەد سیاسیە و دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستانە، چونکە رێز لە دەستوور و یاسای بودجە و بریاری ژمارە (224) ـی دادگای فیدراڵی نەگیراوە، كە حكومەتی عێراق پابەند دەكات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و دەركردنی لە كێشە و ململانێیەكان".

دەشڵێت" سەرەڕای بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی پشكی هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك لەلایەن بەغدادەوە بەتەواوی خەرجنەكراوە و تەنیا مووچەیان خەرجكردووە نەك پشكی هەرێمی کوردستان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی ئێستا لەبەغدادەوە دەكرێت راستەوخۆ دژ بە مووچەخۆران و فەرمانبەران و هاوڵاتییانی كوردستانە و بەپێویستیشی دەزانێت وەزیرە کوردەکان لە بەغداد هەڵوێستیان هەبێت و ناوەندەكانی بڕیار و کۆبونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەنە مەیدانی بەرگریکردن لە مافی موچەخۆران.

رۆژی 28ـی ئایاری 2025، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تیایدا هاتووە، بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵەکانی 2023، 2024، 2025، هەرێمی کوردستان لە 12.67٪ـی پشکی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێکی دارایی بۆ مووچە نەماوە.


2025-05-29
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.