کوردستان

کۆمەڵی دادگەری: ئۆباڵی کێشەی مووچە بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم

نهانیوز-هەواڵەکان

رۆژی 28ـی ئایاری 2025، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تیایدا هاتووە، بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵەکانی 2023، 2024، 2025، هەرێمی کوردستان لە 12.67٪ـی پشکی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێکی دارایی بۆ مووچە نەماوە، لەمبارەوە کۆمەڵی دادگەری کوردستان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" ئۆباڵی کێشەی مووچە بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم".

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی كۆمەڵی دادگەری كوردستان:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان 

بەداخەوە کێشە و ناتەباییەکانی هەرێم و بەغداد لەسەر هەندێ پرسی بەبنبەست گەیشتوو زۆر جار هاوڵاتیانی بەشمەینەتی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن، مووچەی فەرمانبەرانیش کە قوتی خەڵکە ناکرێ بکرێتە کەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردن و قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان و لێدوانی نابەر پرسانەی هەندێک کەسی دەسەڵاتدار.

ئێمە لە کۆمەڵی دادگەری، دەخوازین بەرپرسانی بەغداد موچە وەک فشاری سیاسی بەکار نەهێنن بۆ دەستشکانەوەی بەرپرسانی هەرێم لەسەر حسابی هاووڵاتی.

لە بەرەجەژنان و ڕۆژە پیرۆزەکانی نۆمینەی حاجییان دەبوو هاوڵاتیان دڵخۆش بکرێن تا بە خۆشحاڵییەوە بەرەو جەژن بڕۆن، بەڵام بەداخەوە جارێکی دی هاووڵاتیان دەبێ باجی هەڵەی بەرپرسانی هەردوولا بدەن و بە گیرفانی خاڵی جەژن بەڕێ بکەن.

لەکاتێکدا لای هەمووان ڕوونە کە بابەتی مووچە کراوەتە چەکی ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەغداد و هاووڵاتیانی هەرێمی پێوە گیرۆدە کراوە، ئۆباڵی کێشەکەش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە ئەستۆی بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم، بەڵام بێگومان حکومەتی فدراڵیش بەشێکی تاوانەکەی دەکەوێتە ئەستۆ، بەو پێیەی مووچە وەک کارتی سیاسی بەکار دەهێنێت و دەشزانێت کە خەڵک باجەکەی دەدەن.

ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان

 
2025-05-29
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.