کوردستان

پارتی چاکسازی تورکمان هەڵوێستی خۆی لەسەر بڕیارەکەی تەیف سامی راگەیاند

نهانیوز-هەواڵەکان

پارتی چاکسازی تورکمان، لەسەر بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق هاتە دەنگ و دەڵێت” بەپێویستی دەزانین کە هەڵوێستی جدی بەرامبەر بۆ ئەو پێشێڵکارییانەی حکومەتی فیدراڵی وەربگیرێت”.

لەڕاگەیەندراوێکدا، پارتی چاکسازی تورکمان ڕایگەیاند، بەداخەوە حکومەتی عێراقی فیدراڵ بەردەوامە لە سزادانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و مادەکانی دەستور پێشێڵ دەکات و پاشگەز دەبێتەوە لە رێککەوتنەکان بە بیانوی بێ پاسا و بێ بنەما کەلەسەر مووچە و شایستە داراییەکان ئەنجام درابوون.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەغدا مووچەی کردۆتە کارتێکی سیاسی بۆ لاوازکردن و دژایەتیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەک پارتی چاکسازی تورکمان بەپێویستی دەزانین کە هەڵوێستی جدی بەرامبەر بۆ ئەو پێشێڵکارییانەی حکومەتی فیدراڵی وەربگیرێت و داواکاریشن کە کۆی لایەنە سیاسیەکان یەکریزی و هاوئاهەنگ بن لە بەغداد و هەرێمی کوردستان واز لە کێشەکانی ناوخۆ بهێنن، چونکە تاکە رێگەی بەهێزیمان و سەرکەوتنمان یەکریزییە، هەر لەو رێگەشەوە دەتوانین سەرجەم مافەکانمان بەدەست بهێنین.

رۆژی 28ـی ئایاری 2025، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تیایدا هاتووە، بەگوێرەی یاسای بودجەی ساڵەکانی 2023، 2024، 2025، هەرێمی کوردستان لە 12.67٪ـی پشکی خۆی لە بودجە وەرگرتووە و هیچ تەرخانێکی دارایی بۆ مووچە نەماوە.

2025-05-29
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.