نها نیوز – هەواڵەکان
دوای ئەوەی ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە راگیرا، سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان یاداشتێکی نارەزایی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن.
ئەمرۆ پێنجشەممە 29ی ئایاری 2025 د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپهرلهمانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆمیدیاکان ڕایگەیاند، سهرجهم فراكسیۆنه كوردییهكان لەدژی نەناردنی موچەی فەرمانبەران، یاداشتێکی ناڕەزایی دەدەنە محەمەد شیاع سوودانی ، سەرۆک وەزیرانی عێراق و دەشڵێت، "لەم بابەتەدا، دادگای فیداڵی لەگەڵ ئێمەیە".
بەوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، "پێشتر چەندجارێک لیژنەی دارایی داوای لەوەزیری دارایی کردبوو، خشتەی خەرجی ڕاستەقینە (ئینفاقی فیعلی)ی حکومەتی عێراق، هی هەموو مانگەکانی ئەمساڵیان ڕادەستبکات، کەچی تائێستا تەنها هی مانگی کانونی دوەمی ناردوە، باشە چۆن لەدەرئەنجامدا بۆیان دەرکەوتوە، حکومەتی هەرێم زیاتر لەئینفاقی فیعلی بودجەی بۆ خەرجکراوە؟ ئەوان لەبنەڕەتدا داتاو ئاماریان نەناردوە، ئێمە ئەو نوسراوە ڕەتدەکەینەوە".
ڤیان سەبری ئهوهشى وتوه، " ڕێککەوتن لەنێوان هەردوو حکومەتدا کراوە کە نابێت پرسی موچە تێکەڵ بهکێشە سیاسییەکان بکرێت، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقیش پێشتر بڕیاریداوە کە پێویستە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەکێشە سیاسییەکان دوربخرێتەوەو مانگانە بەبێئەوەی ڕێگریی لێبکرێت، لەکاتی خۆیدا خەرجبکرێت، بۆیە لەم پرسەدا دادگای فیدراڵی لەگەڵ ئێمەیە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، یاسای بودجە لەپێناو هەناردەکردنەوەی یاسای بودجە هەموارکراوەتەوە، بەڵام تائێستا حکومەتی عێراق پابەندی هەموارەکە نەبوە بۆ ئهوهى دوبارە نەوتی کوردستان هەناردە بکرێتەوە.