نها لەسەر دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ لەبری خانەنشینان زانیاری نەبیستراو ئاشکرا دەکات
نها نیوز- هەواڵەکان
وەزیری پەروەردە، دەرچووانی ساڵانی ڕابردوو بێ ئومێد دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ناتوانن هیچ بەڵێنێك بدەنە دەرچووانی ساڵانی ڕابردوو بە دامەزراندنیان وەك مامۆستای وانەبێژ؛ چونکە هەموو جۆرە بابەتێک بەستراوەتەوە بە بەغداوە، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەش دەڵێت: "لە ڕێگای ڕێکخستنەوەی میلاکات شوێنی مامۆستایانی خانەنشینبوو پڕ دەکەینەوە".
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئالان حەمەسە سەعید وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند: "ناتوانین هیچ بەڵێنێك بدەنە دەرچووانی ساڵانی ڕابردوو بە دامەزراندنیان وەك مامۆستای وانەبێژ و، دەشڵێت "هەموو جۆرە دامەزراندنێك بەستراوتەوە بە بەغداوە".
ئاماژەی بەوەش کرد "دەبێت ئومێد بكەین بۆ ئەوەی لە بودجەی ساڵی 2026 ئەگەر لە بەغداوە هەر پلەیەكی وەزیفی تەخسیس بكرێ بۆ دامەزراندن ئەوكات حكومەتی هەرێم لەسەر ئەو بنەمایە بەرنامەی دەبێت بۆ دابەشكاری پێداویستییەكانی دامەزراندن".
سەبارەت بە پڕکردنەوەی شوێنی ئەو مامۆستایانەی وەزارەتی پەروەردە کە لە هاوینی ئەم ساڵ خانەنشین دەبن، سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان بۆ نها نیوزی ئاشکراکرد: "هیچ گرفتێکمان بۆ خوێندنی ساڵی داهاتوو لەکەمی مامۆستا بۆ دروست نابێت و بۆ پڕکردنەوەی شوێنی مامۆستایانی خانەنشینبوو".
وتیشی "ئێمە وەک وەزارەتی پەروەردە ساڵانە ڕێکخستنەوەی میلاکاتمان هەیە لەڕێگایەوە دەتوانین شوێنی مامۆستایانی خانەنشینبوو پڕبکەینەوە بەمەبەستی دروستنەبوونی کەمی مامۆستا لە خوێندنگاکاندا".
|