جوان ئیحسان: یەکێتی پشتیوانیی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی دەڵێت "یەکێتیی داوای کۆبوونەوەی لە وەزارەتی دەروەی تورکیا نەکردووە،راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە پلەی یەک زیانی بە تورکیا گەیاندووە".
ئەمرۆ چوارشەممە 28ی ئایاری 2025 جوان ئیحسان ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ، بەهیچ شێوەیەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوای کۆبوونەوەی لە وەزارەتی دەروەی تورکیا نەکردووە. دەشڵێت "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی لە پرۆسەی ئاشتی دەکات."
د.جوان ئیحسان دەڵێت "چوونی شاندی حزبەكەمان بۆ بەشداریكردن بووە لە كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی لە شاری ئەستەنبوڵ ولەسەردانەکەماندا بۆ تورکیا لەگەڵ حزبی جەهەپە، گفتووگۆمان لەسەر پرسێکی گرنگ کرد، کە پرسی ئاشتی بوو بەتایبەت لەتورکیا.
هەروەها دەشڵێت "راگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کێشەیەکی گەورەی بۆ ناوچەکە دروستکردووە و بە پلەی یەکەم زیانی بە تورکیا گەیاندووە”.
جوان ئیحسان ئاشکراشی دەکات، لە سەرەتای ساڵی 1990 بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆک مام جەلال پرۆسەی ئاشتی دەستپێکرا، بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم پرۆسەیە نامۆ نییە، هەر بۆیە بەباشـمان زانی لەگەڵ لایەنەکان گفتوگۆ بکەین بۆ ئەم پرۆسە ئێجگار گرنگە بۆ تورکیا و کوردستان و هەموو ناوچەکانی دیکەش، چونکە تا سەقامگیری زیاتر بێت بۆ بەرەوپێشچوونی دۆزی کورد باشترە.
|