نهانیوزی- هەواڵەکان
وتەبێژەکەی یەکێتی جەخت لەوەدەکاتەوە کە لەکۆبوونەوەی داهاتوو بەپێشنیار و داواکاری تازە بەشداریان دەبێت و وتەبێژی قوباد تاڵەبانیش بۆ (نهانیوزی) ئاشکرا کرد کە یەکێتی گۆڕانکاری دەبێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتوودا و گۆڕانكارییەكان لە پۆستە باڵاكان و سیادییەكان دەبێت، بە ئامانجی زووتر پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەدوای کرنەوەی پێشانگایەکی وێنەی مام جەلال بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی ڕایگەیاند" قۆناغی ئێستاش پێویستمان بە مام جەلال هەیە، بەڵام بەداخەوە تەمەن ڕێگەی نەدا و ماڵئاوایی کرد، چونکە مام جەلال تاکە سەرکردە بووە جگە لەوەی کاتی هەبوو بۆ بینینی هەموو چین و توێژەکان، هەموو بەیانیەک لیستێک لەسەر مێزەکەی هەبوو بەدواداچوونی بۆ دۆخی ئاو لەبەنداوەکان و نرخی کەل و پەل لەبازاڕ دەکرد و ڕۆژانە لیستەکانی لەبەردەست بوو، بۆیە مام جەلال لەهەموو کورد و عیراق ڕۆیی".
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە وتی" وەكو وترا پێتان سەیر نەبێ ئێمەش و پارتی لەکۆبوونەوەی داهاتوو بەپێشنیار و داواکاری تازە بێین، بۆیە لەگفتوگۆکانمان لەقۆناغی کۆتایین بەڵام نەگەیشوون بە قۆناغی کۆتایی و ڕاگەیاندنی پێکهێنان حکومەت، لەبەر ئەوە کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبێ".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەمڕۆ کۆبونەوەی مەکتەبی سیاسیمان هەبوو بەسەرپەرشتی سەرۆکی یەکێتی دوای گەڕانەوەی لەئەمریکا، بەتایبەت دوای گۆڕانکاریەکان، کە هەیە لەباکور و تورکیا و پێمان وایە پڕۆژەیەکی گەورەیە هەروەها لەڕۆژئاواش.
وتیشی" لەم قۆناغەدا هەرێمی کوردستان وەک قیبلەیە بۆپارچەکانی تری کوردستان، کە لەسەر یەکێتیش پێویستە لەئامادەباشیدابێت بۆ پشتیوانی لە پارچەکانی تر، کە ئەویش بە پەڕلەمان و حکومەتی کارا دەکرێت، لەبەر ئەوە پێکهێنانی حکومەت گرنگه"، ڕەتیشی کردەوە، تەنها یەک لایەن بتوانێ پەڕلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
هەر لەبارەی پێکهێنای کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی سەرۆكی وەفدی دانووستانكاری یەكێتی بە( نهانیوزی) راگەیاند" بۆ گەڕی داهاتووی دانووستانەكانیان لەگەڵ پارتی، یەكێتی گۆڕانكاری دەبێت لە جۆری پۆستە دڵخوازەكانی لە حكومەتی داهاتووی هەرێم، بەمەبەستی گەیشتن بە دەرچەیەك بۆ ئەم قۆناغەی دانووستانەكان".
ئەوەشی خستەڕو، گۆڕانكارییەكان لە پۆستە باڵاكان و سیادییەكان دەبێت، بە ئامانجی زووتر پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم و چالاككردنەوەی دەسەڵاتی یاسادانان.
ئەوەش لەكاتێكدایە، تائێستا چەند جارێك وەفدی باڵای دانووستانكاری یەكێتی و پارتی لەسەر پێكهێنانی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم كۆبوونەتەوە و لەسەر رەشنووسێكی ستراتیژی بۆ شێوازی كاركردنی كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن، بەڵام تاكو ئێستا لەسەر پۆستەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.