شاندێکی خۆبەڕێوەبەریی سەردانی دیمەشق دەکات
نهانیوز-هەواڵەکان
شاندێکی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژئاوای کوردستان بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوان فەرماندەی گشتی هەسەدە و سەرۆک کۆمارتی کاتی سوریا سەردانی دیمەشق دەکەن.
میدیاکانی سوریا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادر بڵاویان کردەوە، شاندیکی باڵای ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەمەبەستی دانوستان لەسەر ئەو بابەتانەی کە بە پرسی ئاڵۆز لە نێوان خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی کاتی سوریا پێناسەکراون، لەگەڵ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە و ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سوریا سەردانی دیمەشقی پایتەخت دەکەن.
بەپێی زانیاریەکان لە گفتوگۆکاندا باس لە داهاتوی دامەزراوە مەدەنی و ئەمنییەکانی خۆبەڕێوەبەری و میکانیزمی تێکەڵکردنیان بە دامودەزگاکانی حکومەتی سوریا دەکرێت، هاوکات تاوتوێکردنی دۆسییەکانی پەروەردە و سەرچاوە نیشتمانیەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا تەوەرێکی دیکەی سەردانەکە دەبێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، شاندەکەی خۆبەڕیوەبەری لە فۆزا یوسف، ئەندامی سەرۆکایەتیی پەیەدە و عەبدولحەمید ئەلمەهباش، سەرۆکی پارتی سوریای ئایندە و چەندین بەرپرسی دیکەی خۆبەڕێوەبەری و سەربازی پێکدێن.
|