کوردستان

پۆلیسی سلێمانی دەربارەی دەنگۆی ڕوودانی شەڕەتەقە ڕوونکردنەوە دەدات

نهانیوز-هەواڵەکان 

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رەتیدەكاتەوە ئەمشەو لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی رووداوی نەخوازراو و تەقەكردن روویدابێت.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە ئەمشەو لە هەندێك پەیج و ماڵپەر هەواڵێكی بێ بنەما بڵاو كراوەتەوە كە گوایا لە گەڕەكی سەرچنار لە شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی روویداوە و تەقە كراوە و دوو هاوڵاتیش بریندارن.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئێمە بە پێویستمان زانی هاوڵاتییانی خۆشەویستی شارەكەمان دڵنیابكەینەوە ئەو هەواڵانە سەراپایان دوورن لە راستییەوە، ئەمشەو وەك شەوانی تر شاری سلێمانی شەوێكی ئارامی بەڕێدەكات و تاوەکو كاتی بڵاوكردنەوەی ئەم روونكردنەوەیە هیچ رووداوێكی نەخوازراو تۆمارنەكراوە.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، لێرەوە بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین هێزەكانمان لە سەرجەم كوچە و كۆڵانەكان ئەركی خۆیان بەجێدەگەیەنن و هەر كەسێكیش سەرپێچیی یاسا بكات و هەوڵی تێكدانی ئارامیی شار بدات، رێكاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر، هەر پەیج و ماڵپەریكیش هەواڵی ناڕاست بڵاوبكاتەوە سكاڵای یاسایی لەسەر تۆماردەكەین و رووبەڕووی یاسای دەكەینەوە.

 
2025-05-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.