یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت کۆبونەوەی چارەنوسساز ئەنجام دەدەن
نها نیوز- هەواڵەکان
ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، دوا زانیاریی سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتی و پارتی ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لە نزیکترین کاتدا جارێکی تر وەفدەکان جارێکی تر کۆدەبنەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونی سەرکردایەتیی یەکێتی و پارتی.
ئەمڕۆ دووشەممە، ئەشواق جاف ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، لەلێدوانێکی میدیاییدا ڕایگەیاند: کۆبوونەوەی وەفدەکانی پارتی و یەکێتی بەمەبەستی پێکهێنانی کابینەی دەیەم نەوەستاون و درێژەیان دەبێت و لە نزیکترین کاتدا جارێکی تر وەفدەکان کۆدەبنەوە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیروبۆچوونی سەرکردایەتیی هەردوولا سەبارەت بە یەکلایی کردنەوەی پۆستەکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم.
ئەشواق جاف ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا کاتی کۆبوونەوەی داهاتوو دیارینەکراوە کە ئاخۆ دەکەوێتە پێش جەژن یاخود دوای جەژن دەبێت بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا دەبێت.
باسی لەوەش کرد: هیچ ناکۆکییەک نییە لەنێوان یەکێتی و پارتیدا، بەڵکو هەبوونی گفتوگۆی بەردەوامە لەنێوانیان بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی داهاتوو و نزیکبوونەوەیەکی باشیش لەنێوان هەردوولا هەیە سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئەو ئەندامەی پارتی وتیشی: کۆبوونەوەی داهاتوو کە لەنێوان لیژنە سیاسییەکانی هەردوولا دەبێت و بۆچوونی مەکتەب سیاسییەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی داهاتوو.
|