کوردستان

پێکهێنانی هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ پەرلەمانی عێراق شکستی هێنا

نها نیوز- هەواڵەکان

بەرەی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن لەنێوان لایەنەکانی ڕەوتی هەڵوێست، نەوەی نوێ، کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی کە هەوڵی بۆ دەدرا لە پەڕلەمانی عێراق شکستی هێنا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولستار مەجید، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری، لە پەیامێکدا شکستهێنانی هاوپەیمانێتییەک لەنێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

عەبدولستار مەجید دەشڵێت: هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ دروستبوونی ئەو هاوپەیمانێتییە سیاسییەدا بووین و لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامیی لیژنەشمان بۆ پێكهێنا كە هەوڵبدەین لەگەڵ هێزەكانی دیكەی دەرەوەی پارتی و یەكێتیی كە پێكەوە ئەو هاوپەیمانێتییە دروست بكەین و بۆ ئەم مەبەستە سەردانی یەکە بەیەکەی لایەنەکانمان کرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە كۆتاییدا، لەم بەرە هاوبەشەی ئۆپۆزسیۆن، تەنها کۆمەڵی دادگەری و ڕەوتی هەڵوێست مانەوە، ڕەوتی هەڵوێستیش بە كۆمەڵێك پاساو، لەو بەرە هاوبەشە كشانەوە و پرسی پێكهێنانی بەرەی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن شكستیهێنا.

بەپێی نووسراوی ناوبراو، بژاردەکان بۆ دروست بوونی بەرەی هاوبەشی ئۆپۆزسیۆن لەنێوان لایەنەکانی دەرەوەی یەکێتی پارتی بەم شێوەیە بوون؛ هەموو هێزە ناڕازی و ئۆپۆزسیۆنەكان پێكەوەبن، ئەگەر ئەوە نەكرا زۆرینەی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پێكەوە بن یاخود لایەنە ئیسلامییەکان خۆیان پێکەوە لیستێکی هاوبەش پێکبهێنن کە لەکۆتاییدا هەوڵەکان بێ ئەنجام مانەوە وەک خۆیان گوتوویانە.

2025-05-25
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.