کوردستان

پڕۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دەستپێدەكاتەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

 قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ ئاشکرای کرد، بودجە بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تەرخانکرا و لە ئەمرۆوە  کارەکانی دەست پێدەکات.

ئەمرۆ یەکشەممە 25ی ئایاری 2025 قایمقامییەتی قەزای  چەمچەماڵ لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو قائیمقامی چەمچەماڵ سەردانی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، لەسەر فەرمانی ناوبراو بودجەی پێویست بۆ پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە - چەمچەماڵ تەرخانکراو و لەمڕۆوە کۆمپانیای جێبەجێکار دەست بەکارەکانی دەکاتەوە.

شارۆچكەی چەمچەماڵ و دەورووبەری ئاوی خواردنەوەیان لە هێڵی ئاوی دوكان- سلێمانی-یەوە بۆ تەرخان دەكرێت و بەردەوام هاووڵاتیانی شارۆچكەكە دەڵێن: ئاوی خواردنەوە كەمە و بە چەند ڕۆژ جارێك ئاویان پێ‌ دەدرێت.

پڕۆژەی ئاوی چەمچەماڵ – گۆپتەپە لە 26ـی حوزەیرانی 2024 نوسراوی کارکردنی بۆ کراوە و لە 30ـی حوزەیرانی هەمان ساڵەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکرد .

پڕۆژەکە بە گوژمەی 78 ملیۆن دۆلار لە 10ی8ی2024وە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و پێنج قۆناغ لەخۆدەگرێت، قۆناغی وەرگر، دوای ئەویش وێستگەی پاڵاوتن، لەگەڵ سێ وێستگەی ئاسایی، بە تەواو بوونیشی لە سەعاتێکدا سێ هەزار و 400 مەتری چوارگۆشە بەرهەمدەهێنێت، کە بەهۆیەوە کێشەی کەمئاوی لە چەمچەماڵ و دەروبەری چارەسەردەکات.
 
2025-05-25
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.