کوردستان

ئەندامێکی لیژنەی دارایی زانیاری نوێ لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران ئاشکرا دەکات

نهانیوز-هەواڵەکان

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد کە ئێستا پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگیراوە تاوەکو پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2025 و وتیشی ئەو نووسراوە فەرمییەی کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەرچووە بۆ فەرمانگەکانی دەڵێت  " ئەوە تەنیا بۆ هەژمارکردنی تێچووی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەیە".

نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە نهانیوزی راگەیاند "ئێستا پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان راگیراوە تاوەکو پەسەندکردنی خشتەکانی بودجەی 2025، هەرکات ئەنجوومەنی نوێنەران خشتەکانی بودجەی 2025 پەسەندکرد پلەبەرزکردنەوە دەستپێدەکاتەوە و پێویستە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە".

نەرمین مەعروف سەبارەت بەو نووسراوە فەرمییەی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەرچووە رایگەیاند" ئەوە تەنیا بۆ هەژمارکردنی تێچووی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکەیە، تاوەکو بزانرێت لە بودجەی ئەمساڵدا چەندی بۆ تەرخانبکرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی دارایی عێراق، بۆ دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەی فەرمانبەرانی عێراق نووسراوێک ئاڕاستەی فەرمانگەکانی وەزارەتەکەی کرد.

لەساڵی 2016ەوە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بۆ راژەی شارستانی لە هەرێمی کوردستان راگیراوە.


2025-05-22
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.