نهانیوز-هەواڵەکان
موراد قەرەیلان ڕایدەگەیەنێت" ئەگەر ناچار بن جارێكی دیكە و بە هێز و توانای زیاترەوە بەرەنگاری دوژمنەكانیان دەبنەوە"، دەشڵێت" گەریلا بە تەكنیكی نوێ و بە ئەزمونێكی زۆرەوە توانای بەرگریی و شەڕی بەهێزی هەیە".
ئاژانسی هەواڵی فورات بەشێك لە وتەكانی موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پارتی كرێكارانی كوردستان 'پەکەکە'ـی لە كۆنگرەی 12 بڵاوكردووەتەوە .
موراد قەرەیلان لە بەشیکی قسەکانیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات" ئەوان بڕوایان بە رێبازی رێبەرەكەیان هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە، بەڵام ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە هێرشەكان ئەوا وەڵامیان دەبێت".
دەشڵێت"سەرەڕای ئەوەی ئەزموونی 41 ساڵ خەباتی شاخیان هەیە، بەڵام بڕوایان بە شێوازی نوێی رێبەری پەكەكە هەیە و لە هەمان كاتیشدا ئەگەر ناچار بن جارێكی دیكە و بە هێز و توانای زیاترەوە بەرەنگاری دوژمنەكانیان دەبنەوە".
سەبارەت بە شێوازی وەلامدانەوەی پەکەکە قەرەیلان جەخت دەکاتەوە لەوەی" ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە توندوتیژیی ئەوا ئەوان بەو زمانە وەڵامیان دەدەنەوە كە لێی تێدەگات".
قەرەیلان جەختی لەوە كردووەتەوە، گەریلا بە تەكنیكی نوێ و بە ئەزمونێكی زۆرەوە توانای بەرگریی و شەڕی بەهێزی هەیە بۆیە توركیا و هەمو كەسێك دەبێت ئەو راستییە بزانێت، ئەگەر پەكەكە ناچار بكرێت ئەوە هەموو بەرگرییەك لە خۆی دەكات.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە سەرەرای گرتنی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە لەلایەن پەکەکە راگەیاندنی نیازپاکی ئەو پارتە سیاسییە بەلام هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر گەریلا بەردەوامە ئەوەش پرۆسەی ئاشتی تووشی گرفتی جددی کردووە.