نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەیاندا چەندین پرس لەوانەش پێکهێنانی حکومەت و دوایین گۆڕانکارییەکانی سوریا و تورکیا تاوتوێ کرا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئایار قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ژەنەراڵ کێڤن لێیهی، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سوریا کۆبوونەوە.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە دواین هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێم کرا و قوباد تاڵەبانی باسی لە بەردەوامبوونی کۆبوونەوەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەیدا بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی هەردوو وەفدی دانووستانکاری پارتی و یەکێتی و روونیکردەوە کە کۆبوونەوەکە بە گشتی ئەرێنی بووە و هەنگاوێکی دیکە لە پێکهێنانی کابینەی نوێ نزیکتر بووینەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کرا، هەردوولا هاوڕابوون سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی کورد و تورک و هەموو ناوچەکەدایە و بە پێویستیشیان زانی هەردوو لایەنی کێشە بەپێی نەخشە رێگایەک هەنگاوی پێویست بنێن بۆ سەرخستنی پرۆسەکە.
سەبارەت بە دۆخی سوریاش، هەردوولا گەشیبینی خۆیان دەربڕی کە لە سوریای نوێدا هەموو پێکهاتەکان مافەکانیان پارێزراوبێت و بە پێویستیشیان زانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاربێت تا سوریای نوێ بتوانێت بەرەو سەقامگیری و جێگیرکردنی سیستمێک هەنگاوبنێت کە لە ئاستی چاوەڕوانی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی وڵاتەکەدابێت.