کوردستان

نها چیرۆکی کوشتنی پیاوێک لە قەزای شارەزوور بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە ئاشکرا دەکات

نها نیوز - هەواڵەکان

بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە قەڵبەزەی سەربە قەزای شارەزوور پیاوێکی تەمەن 58 ساڵ بە فیشەکێک کوژرا، سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بەنها دەڵێت "کێشەکە کۆنە و لەسەری زەویوزار و ئاو بووە و پێشوتر کەسێکیان بەهۆی کێشەکەوە کوشتووە".

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە ئاگاداری چۆنیەتی رووداوەکەیە لە لێدوانێکی تایبەتدا بە نها نیوزی وت "لە لادێی جەرداسنە نزیک بێسەڵمێن لە قەڵبەزە کەسێک کوژراوە، ئەو هاوڵاتییەی کوژراوە خۆی خەڵکی گوندی کانی بەردینەیە".

سەرچاوەکە هێمای بۆ ئەوەشکرد، ئەو هاوڵاتییەی کوژراوە ماوەی چەند مانگێک پێش ئێستا لە زیندان ئازادکراوە و، نازانرێت بە دەمانچە کوژراوە یاخود بە کڵاشینکۆف، بەڵام "تائێستا بکوژ دەستگیرنەکراوە".

نها نیوز لەهەمان سەرچاوەوە وردەکاری دروستبوونی ئەو کێشە کۆمەڵاتییە ئاشکرا دەکات و بەوتەی سەرچاوەکە "چەند ساڵێک لەمەوپێش لە گوندی جەرداسنە و بێسەڵمێندا کێشەیەکی زەویوزار و ئاو هەبوو، لەو بابەتەدا پیاوێک کوژرا بەناوی (ع) خەڵکی گوندی جەرداسنە بوو". وتیشی "بەهۆی ئەو کێشەیەوە خەڵکی کانی بەردینە خەڵکێکی زۆر دەستگیرکرا".

راشیگەیاند "ئەو پیاوەی کە ئەمڕۆ کوژراوە ناوی (ج.م.ح) کاتی دروستبوونی کێشە کۆمەڵاتییەکە تاوانەکەی خستە سەر خۆی لە دادگا و پاشان حکومدرا و خەڵکەکە ئازادکران. بەمەش ئەمڕۆ لەگوندی قەڵبەزە لە دیوی ئالان و حاسڵ بە فیشەکێک کوژراوە".

هاوکات نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ لە قەزای شارەزووە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە رووداوەکە کاتژمێر 4ی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی پیاوێکی تەمەن (58) ساڵ بەناوی (ج.م.ح) گەیەندراوەتە هۆبەی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەیان.

ئەوەشی خستووەتە روو، کەسەکە ئاسەواری یەک فیشەک بەسەریەوە بووە، پاش ڕێکارە تەندروستی یەکان تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی کراوە.
 
10کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.