کوردستان

نها وادەی بەستنی کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەری ئاشکرا دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری وادەی بەستنی کۆنگرەی پێنجەم و دووبارە هەڵبژاردنەوەی عەلی باپیر سەرۆکی حزبەکە زانیاری نەبیستراو بۆ نها دەخاتە روو.

عەبدولستار مەجید، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ پەیامنێری نها نیوز لەبارەی وادەی بەستنی کۆنگرە، دەڵێت "کۆنگرەی پێنجەم دەبەستین و بۆ وادەکەش لەدەست لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرە دایە، بەستنی کۆنگرە دەکەوێتە سەرەتای مانگی شەش. زۆربەی کارەکان تەواو بووە تەنیا دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرە ماون".

سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانیش، ئەو ئەندامە وتیشی "کۆنگرە گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵی دادگەری دیاری دەکات، چونکە بەرزترین دەسەڵاتە لە پەیڕەوەکەشدا ئاماژەمان پێکردووە. وە هێشتا دروشمی کۆنگرەکەمان دیارینەکردووە".

پەیوەست بە گۆڕینی ناوی حزبەکە بەوتەی عەبدولستار مەجید بێت، تاوەکو ئێستا بەرنامەیان نییە، بەڵام "ئەوە کۆنگرەیە کە تیایدا باسی ناوگۆڕین بکات رێگر نابین و پابەند دەبین. هەربۆیە سەرقاڵی کۆبوونەوە گشتییەکانین لەگەڵ دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرە و هێڵە گشتییەکانی نێو کۆنگرەکە".

وێڕای ئەوەی ئەندامان و کادیرانی باڵایی نێو سەرکردایەتی پشتگیری رۆشتنی سەرکردەکەیان ناکەن لە حزبی کۆمەڵ، بەڵام عەبدولستار مەجید ئاشکرای دەکات، کە "کاک عەلی باپیر هەروەکو سەرۆکی کۆمەڵ دەمێنێتەوە، هەرچەندە پێشتریش راگەیاندبوو ئەندامێکی دیکە دیاریبکەن".

ناوبراو زیاتری بۆ نها ئاشکراکرد و وتیشی "ئێمە ئەندامی سەرکردایەتییمان هەیە وە ئەنجومەنی باڵایی کۆمەڵیشمان هەیە، ئەگەری هەیە بگۆڕدرێت بۆ مەکتەبی سیاسی یان ئەنجومەنی سیاسی".

سەبارەت بە مەرجەکانی بوونبە ئەندامی کۆنگرە، ئەو ئاماژە بەوە دەکات، کە دەبێت کەسەکە ئەندام مەڵبەند بەسەرەوە بێت یان کارگێڕ مەڵبەند یاخود ئەندامی سەرکردایەتی.

"بە راستەوخۆ و بەوانەی لە کۆبوونەوە گشتییەکان دیاریکراون، کەمتر یاخود زیاتر لە 800 ئەندام بەشداری کۆنگرەی پێنجەمی کۆمەڵی دادگەری دەکەن". ئەندامەکەی سەرکردایەتی کۆمەڵی دادگەری وای وت
5کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.