کوردستان

سەرۆک کۆماری عێراق پەیامێکی بڵاوکردەوە

نهانیوز-هەو ااڵەکان

ئەمڕۆ شەممە17ی ئایار بەغداد میوانداری لە سەرۆکانی 22 وڵاتی عەرەبی و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

لوتکەی کۆمکاری عەرەبی بە دروشمی(پایتەختی شارستانیەت پێشوازی لە براکانی دەکات) ، لەگەڵ دەیان میوانی وڵاتانی عەرەبی و یەکێتی ئەوروپا و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەعیراق بەڕێوەچوو.

د. لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند، کە ئامانجی باڵای بەڕێوەچوونی لوتکەی عەرەبی یەکخستنی هەڵوێستەکانمانە لە ئاست ئاڵنگارییە پەرەسەندووەکان و باوەڕبوون بە گرنگی کاری عەرەبی هاوبەش.

دەشڵێت، دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین.
دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆماری عێراق:
به ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
بەڕێزان خاوەنشکۆ و ناوداران و پایەبەرزان
پایەبەرز سکرتێری گشتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی
میوانە بەڕێزەکان
سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت.
بەناوی خۆمانەوە و بەناوی گەلی عێراقەوە خۆشحاڵین بەخێرهاتنتان بکەین بۆ ووڵاتی دوو ڕوبارەکە ، ئەمڕۆ شەرەفمەندین کە میوانداریی کارەکانی لووتکەی عەرەبی بکەین لە سی و چوارەمین خولی خۆیدا، لە ژێر هەلومەرجی ئاڵۆزی ئەمنی و تەحەدای ئابووری کە ڕەنگە مەترسیدارترینیان بێت، چونکە تارمایی جەنگ هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکانمان و تەنانەت هەموو جیهان دەکات و ڕێگرە لە هەوڵەکانی گەشەپێدان و ئاواتەکانی داهاتوومان و هەروەها کێشە ئابوورییەکان کە کاریگەرییەکانیان بە ڕوونی دەردەکەون و سێبەریان دەخەنە سەر ژیانی گەلانمان.
ئەمڕۆ خۆشحاڵین کە عێراق سەرۆکایەتی لووتکەی عەرەبی وەردەگرێت و سوپاسگوزاری قووڵی خۆمان دەردەبڕین بۆ هەوڵە ناوازەکانی کۆمکاری عەرەبی لەم قۆناغە هەستیارەدا و خۆشحاڵین کە سوپاسی بەڕێز ئەحمەد ئەبولغەیت سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی و ئەوانەی لەگەڵیدا کاریان کردووە بکەین بۆ هەوڵە بەرچاوەکانیان بۆ سەرخستنی کارەکانی لووتکەی عەرەبی.

لووتکەی بەغدا لە هەلومەرجێکی زۆر ئاڵۆز و ئاڵنگاریەکی جددی بەڕێوەدەچێت کە هەڕەشە لە ناوچەکەمان و ئاسایشی وڵاتەکانمان و چارەنووسی گەلانمان دەکات و لێرەوە دەبینین کە ئەم هەڕەشانە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی گەورەتر دەخەنە سەرشانی ئێمە بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستمان هێناوە و دوورخستنەوەی وڵاتانمان لە کاریگەری قەیرانەکان و لەم چوارچێوەیەشدا سەرکردایەتی و گەلی عێراق بە پێویستی دەزانن دەستپێشخەری و جوڵەی بەپەلە بکەن بۆ زیادکردنی دەرفەتی سەقامگیری عەرەبی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەڕێگەی دەستپێشخەری بنیاتنەرانە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و جیهان لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەرە دیبلۆماسیەکان کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەل و وڵاتانمان بکات و پابەند بێت بە پرەنسیپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاساکانی نێودەوڵەتی و لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری دەوڵەتان و پاراستنی ئەرکەکانی دراوسێیەتی باش و هاوکاری هاوبەش و هەروەها جەخت لەسەر گرنگی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان لەڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگی ڕاستەوخۆی دوولایەنە یان لەڕێگەی ناوبژیوانانەوە دەکات و سیاسەتی دەستێوەردانی دەرەکی و بەکارهێنانی هێز ڕەتدەکاتەوە.
خاوەنشکۆ و خاوەن پایەکان میوانە ئازیزەکان، نزیکەی ساڵ و نیوێکە گەلی فەلەستین لە غەززە و بەشەکانی تری ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی سیستماتیک دەبنەوە بە ئامانجی لەناوبردنی بوونی فەلەستینییەکان لەسەر خاکی داگیرکراو، لەکاتێکدا ئێمە ئەم دەستدرێژییە بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەین و ئیدانەی ئەو کردارانە دەکەین کە پێچەوانەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و یاساکانی یاسای نێودەوڵەتین دەستخۆشی لە خۆڕاگری گەلی فەلەستین دەکەین و هەڵوێستی خۆمان دووپات دەکەینەوە لە بەستهێنانی مافەکانیان لە سەر خاکی نیشتمانی خۆیان و هەوڵەکان بۆ دەرکردنی گەلی فەلەستین بە هەر بارودۆخێک و ناوێک بێت ڕەتدەکەینەوە.

عێراق هەڵوێست و پرەنسیپی خۆی بۆ پشتیوانی لە ئاسایش و سەقامگیری ووڵاتانی عەرەبی دووپات دەکاتەوە و هەموو جۆرە دەستتێوەردانێک لە کاروباری ناوخۆیی ڕەتدەکاتەوە کەهەڕەشەبێت لەسەر سەروەری ئەم ووڵاتانەو گەلەکانیان و جەخت لەسەر گرنگی چارەسەرە سیاسیەکان و دیالۆگی نیشتمانی گشتگیر دەکاتەوە وەکو تاکە ڕێگا بۆ چارەسەری قەیرانەکان،هەروەها ڕێزگرتن لە هەڵبژاردنی گەلان لە بنیادنانی ووڵاتەکانیان و گەیشتن بە خواستەکانیان بۆ ژیانێکی شکۆمەند، کە گوزارشت لەروحی برایەتی و بەرپرسیارێتی دەکات کەلە سەرۆکایەتی لوتکەکەدا بەرجەستە و پابەنبوونی عێراق بە یەکڕیزیی عەرەبەوە.

خاوەنشکۆو خاوەن پایەکان
میوانە ئازیزەکان،
ئامانجی کۆتایی لە بەستنی لووتکەی ئەمڕۆمان، پاش ماوەیەکی کەم لە لووتکەی بەپەلە لە قاهیرە، یەکخستنی هەڵوێستەکانمانە سەبارەت بە پرسە هاوبەشەکان و تەحەداکان و باوەڕبوون بە گرنگی کاری هاوبەشی عەرەبی، ببێتە هۆی سەرخستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بەسەر بەرژەوەندییەکانی تردا، هەروەها زاڵبوونی زمانی لۆژیک و دیالۆگ بەسەر زمانی هێزدا لە یەکلاییکردنەوەی جیاوازییەکان و سوودوەرگرتن لە هەڵکەوتەی جوگرافی و کەلەپووری مێژوویی و کەلتووری دەوڵەمەند، سەرچاوە مرۆیی و سامانەکانمان، کە بوونەتە جێگەی سەرنجی هەموو جیهان.
ئەمڕۆ داوامان لێدەکرێت کە کارە هاوبەشەکانمان چالاک بکەین و ئەو شتانەی کە دەتوانێ یەکێتیمان دابەش بکات و کار لەسەر بەرژەوەندیی گەلەکانمان بکەین بۆ پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەدی بهێنین، یەکڕیزی خوێن و ئایین و مێژوو و چارەنووس ئەوەندە هاوبەشە کە بتوانین هەڵوێستەکانمان لەسەر مەسەلە سەرەکییەکان یەکبخەین کە هەڕەشە لە ئاسایشی گەلەکانمان و سەقامگیریی وڵاتەکانمان دەکەن و جەخت لەسەر یەکگرتنەوە و هاوبەشی و هاوکاری بکەین و دەستپێکردنی دامەزراندنی پڕۆژەکانی گەشەپێدان و خزمەتگوزاری لەگەڵ ئەنجوومەنی هاوکاری و وڵاتانی دراوسێ.
له کۆتاییدا داوا له خوای گەوره دەکەین هاوکاری هەموومان بکات له پێناو بەرژەوەندی گەلەکانمان و سەقامگیری وڵاتەکانمان و هەمیشە لەسەر یەکڕیزی هەڵوێست کۆببنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و پوچەڵکردنەوەی ئەو پلانانەی کە دەیانەوێت ئێستامان لێزەوت بکەن و هەڕەشە لە ئایندەمان بکەن.
سڵاو و دروود و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوای گەورەتان لەسەربێت


6کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.