کوردستان

بەهاوکاری قوباد تاڵەبانی تەرمی محەمەد عەباس دەگەڕێندرێتەوە بۆ سلێمانی

نها نیوز - هەواڵەکان
دوای ئەوەی ناشتنی تەرمی هونەرمەند محەمەد عەباس بەهرام لە ئۆردن نارەزایەتی لێکەوتەوە، خێزانی ناوبراو لە ئاگادارییەکدا رایگەیاند، کە بەهاوکاری نوسینگەی قوباد تاڵەبانی رۆژی پێنجشەممە تەرمی "محەمەد عەباس" لەئوردنەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ کوردستان و لە سلێمانی بەخاک دەسپێردرێت.

لە روونکردنەوەیەکدا کە کۆپیەکی دەست نها نیوز کەوتووە، خێزانی هۆنەرمەند محەمەد عباس بارام دەڵێت، " دوای وەفاتیی هاوسەرەکەم لەبێ ئۆقرەییم تەنها شعوری ئەوەم پێ شکا لەخاکی بسپێرم چونکە کەسم بەدەورەوە نەبوو بەڵام سوپاس بۆ هەموو هاوکاریەکان کە ئیمڕۆ بەڕێزێک لە نوسینگەی  کاک قوباد تاڵەبانیەوە پەیوەندی پێوە کردم".

خێزانی هونەرمەند محەمەد عباس ئاشکراشیکرد، ئەمشەو تەرمی هونەرمەند لە خاکی غەریبی دەردەهێنن و دواتر دەخرێتە سەلاجە ودوای ئەنجامدانی رێکارە یاساییەکان ڕۆژی  پێنج شەممە بەرەو کوردستان بەڕێ دەکەون و وتیشی، " پێم خۆشە لەشاری سلێمانی بەخاکی بسپێرین".

دوێنێ هونەرمەندی گۆرانیبێژو ئاوازدانەر محەمەد عباس بارام، بەهۆی نەخۆشییەوە لەتەمەنی 73 ساڵیدا  لە  ئوردن کۆچی دواییکرد.

دوابەدوای بلاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی هونەرمەند محەمەد عباس، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم  رایگەیاند، لەسەر ئەرکی نووسینگەی قوباد تاڵەبانی، تەرمی هونەرمەندی کۆچکردوو، محەمەد عەباس لە ئوردنەوە دەهێندرێتەوە بۆ کەرکوکی زێدی خۆی و لەوێ بەخاکدەسپێردرێت.
 
2025-05-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.